داڕمانى کولتورى و نەبوونى سیاسەتێکى کولتورى تۆکمە...

داڕمانى کولتورى و نەبوونى سیاسەتێکى کولتورى تۆکمە...
كن- زامۆئا داراغا 2019
داخستنى مۆزەخانەى نیشتمانى ئەمنە سوورەکە بە نموونە,
ئەوەى لە ئێستادا دەگوزەڕێت دەرئەنجامە هۆکارى ئەو سیاسەتە کولتوریە هەڵانەیە کە لەم 28 ساڵەى رابووردودا کراوە, قوربانى یەکەمى هەموو شکستێکى سیاسى هونەر و ڕۆشنبیرى و کولتورە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە, یەکێک لە و هۆکارانە ئامادە نەبوونى ئەعەقڵیەتى بەرێوەبرنە ( منجمێنت ) و نەبوونى سیاسەتێکى کولتورى سەربەخۆ کە ئەمە وایکردوە هونەر و ڕۆشنبیرى وەک پاشکۆ دەربکەوێت وە لە پێناو بەرژەوەندى دەستە و تاقمێکدا.
لەگەڵ نەمانى ئەو دەستە و تاقمانەدا ئەم دەزگا هونەریانەش نامێنن, هەموو مان مێژووى ئەمنە سوورەکە دەزانین چەند گرنگە بۆ شارێکى وەک سلێمانى لە ڕووى سیاسی و مێژوویەوە, لێرەدا دەمەوێت ئەو خاڵە بخەمە ڕوو کە چۆن کێشەى نەبوونى سیاسەتێکى ڕوون و
شەفاف وا دەکات پڕۆژەیەکى گەورەى وەک
( مۆزەخانەى نیشتمانى ئەمنە سوورەکە ) کەلە ژێر ناوى ( تا لە یادمان نەچێت ) شکست بهێنێت.
پڕۆژەکە ئەم چالاکیانە لە خۆ دەکرێت:- گەلەرى ئەمنەکە, سینەما, هۆلى کەلەپوور, هۆلى ئاوێنە, زیندانەکانى ڕژێمى پێشوو, هۆلى کۆرەو, هۆڵى ئەنفال, هۆلى مین, هۆلى پێشمەرگە.
ئەوەى گرنگە لێرەدا باس بکرێت بیرۆکەى گۆرینى ئەمنە سوورەکە لە دەزگایەکى داپڵۆسێنەرەوە بکرێت بە شوێنێکى کولتورى بەبێ ئەوەى ناسنامەى شوێنەکە لەدەست بدان, بەڵام بوونى ئەم هەموو چالاکیانە کە زۆربەیان بەبێ پلان بووە وە پرسیارى جدى لە بارەیەوە نەکراوە زۆر ساویلکانە بووە بۆ نموونە بوونى ( نمایشى فەرش ) دەبێت چ سودێکى هەبێت لەناو ئەم شوێنەدا؟؟ وە هەروەها هەندێک لەو چالاکیانە دووبار و سێ بارەن لە زۆربەى زۆرى پرۆژەکانى ترى شاردا بونیان هەیە کە ئەمە وایکردووە ببیتە هۆى فەشەلى پڕۆژەکە هەر لە سەرەتاوە.
خالێکى کە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە بۆ تا ئێستا ئەم شوێنە نەخراوەتە سەر بەشى شوێنەوارى سلێمانى یان بەرێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى , ڕاستە لە سەرەتاوە بیرۆکەکە وە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە حیزب کردوێتى وە کەسانى دڵسۆزى لە پشت بووە بەڵام مانەوەى ئەم شوێنە وەک شوێنێکى حیزبى بە زەرەرێکى گەورە کەوتۆتەوە کە بە باوەڕى من لە دواى ڕۆخانى ڕژێمى بەعس واتا لە ساڵى 2003 وە دەبوو بە فەرمى ئەم مۆزەخانەیە بگەرایەتەوە سەر فەرمانگەى شوێنەوارى سلێمانى بۆ ئەوەى بتوانرایە زیاتر بەرەو پیش بچوایە وە لە خاوەندارێتى حیزبى بگەڕایەتەوە بۆ مولکى گشتى و سەر بە فەرمانگەى شوێنەوارى سلێمانى بۆ ئەوەى بتوانرایە کەسانى پسپۆر و شارەزا بۆ دابین بکرایە وەک لە ئێستادا چۆن مۆزەخانەى سلێمانى ناوبانگى دەرکردووە لە سەر ئاستى عراق بە هەمان شێوە ئەمنە سوورەکەش دەبووە شوێنێکى گرنک هەم لەسەر ئاستى سلێمانى و هەم لەسەر ئاستى عراق.
بە دەزگا بوونى ئەم شوێنەوارانە وە دانانى سیاسەتێکى کولتورى تۆکمە و ڕوون و ئاشکرا زۆر گرنگە هەبێت , بە پێجەوانەوە نەبوونى پلان وستراتیجى سیاسەتى کولتورى دەبێتە هۆى ئەوەى کە ئەم شوێنانە بکەونە ژێرهەڕەشەى نەمان و لە ناوچوونەوە, من لێرەوە دەپرسم دەبێت چارەنوسى مۆزەخانەى ئەمنە سوورەکە چى لێبێت ؟؟ ئایا بەرەو کوێ دەڕوات؟؟
من داوادەکەم کە ئەم شوێنە بخرێتە سەر فەرمانگەى شوێنەوارى سلێمانى وەک شوێنێکى مێژووى مامەڵەى لە گەڵ بکرێت و بەڕەو پێش ببرێت, چونکە ئەو شوێنە مولکى گشتیە وە هەروەها مێژووەکەشى مێژووى گشتیە پەیوەندى بە هەموو خەڵکى شارەوە هەیە وە بووە بە ڕەمزێک بۆ ڕاپەرینى ساڵى 1991 لە مێژووى گەلەکەماندا, تا ئێرە من سوپاسى ئەرک و ماندوو بوونتان دەکەم کە توانیتان ئەم شوێنە بپاریزن و بیکەن بە مۆزەخانەى ئەمنە سوورەکە, بەلام بۆ ئەوەى ئەم شوێنە لە فەوتان و ڕووخان ڕزگار بکەین پێوستمان بەوەیە کە سیاسەتێکى کولتورى تۆکمە بنیاد بدەین بە بەرێوەبەردنێکى سەردەمیانە کە ئەو شوێنە ناسنامەى خۆى ون نەکات. زامۆئا داراغا 2019

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...