هەرزان بازارى کولتور ...

بابەکر دڕەیى بەڕێوەبەرى گشتى لە چاوپێکەوتنەکانیدا بە فەخرەوە باس لە خەرجیەکانى خۆى و بەڕێوەبەرایەتیەکەى دەکات کە چۆن ئەو بیست ملیارەیان خەرج کراوە دەڵێت:- لە ماوەى چوار ساڵ و چوار مانگدا ئێمە ( 900 ) چالاکیمان کردووە بۆ چواردە شار لە پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ پارێزگاى کەرکوک, لێرەوە دەبێت ئەم قسانەى بەڕێوەبەرى گشتى زۆر بە جدى وەربگرین و شیکارى بۆ بکەین. بزانین ئەم چالاکیانە چەند سودیان هەبووە بۆ سەرخان و ژێر خانى کولتورى.
سەرەتا پیش حەوت ساڵ بەرلە ئیستا بیست ملیار خەرج کرا بۆ ژێرخان و سەرخانى کولتورى شارى سلێمانى, وا بڕیاردرابوو کە هەموو ساڵى بیست ملیار خەرج بکرێت بەلام تەنها ئەو جارە بوو, ئەگەر ئیمە بێن ئەو بیست ملیارە دابەشى بکەین بە سەر حەوت ساڵەکەدا ساڵانە بە ڕێژەى ( 2,857,142,000 ) دینار مەزندە دەکرێت,
وە بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و لاوان ساڵانە ( 225 ) چالاکى کردوە لە کۆى ( 900 ) چالاکى بۆ چوار ساڵ و چوار مانگ بۆ چواردە شار بە شارى کەرکوکەوە, ئەمە تەنها بۆ سەرخانى کورلتورى خەرج کراوە ئیمە لێرەدا باسى ژێرخانى کولتورى شار ناکەین وەک نۆژەنکردنەوەى کارگەى جگەرە و باڵەخانەى سەرا و دروست کردنى شانۆنى ڕۆمانى و نۆژەنکردنەوەى گەلەریە تایبەتەکان و تەلارى هونەر و هتد...
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەند ( هەرزان ) مامەڵە لەگەڵ کولتور و فەرهەنگى کولتورى کراوە, بەم شێوەیە ڕوون دەبێتەوە کە سیاسەتى کولتورى ئەم دەزگایە چۆن مامەڵە دەکات لەگەڵ هونەر و ڕۆشنبیرى, کە بە هیچ جۆرێک گوێ ناداتە جۆرێتى و کوالیتى ئەوەى مەبەستێتى چەندێتی یە و بڵێن ئێمە ( 900 ) چالاکیمان کردووە, ئیتر گرنگ نییە چ جۆرێک لە
چالاکى.
با سەرنج بدەینە چالاکیەکان و جۆنێتى و کوالیتى ئەو کارانەى ئەم بەرێوبەرایەتیە کردوێتى لە چوار ساڵ و چوار مانگدا, کە بەبڕى پارەیەکى کەم و تێچویەکى کەم ئەم هەموو چالاکییانەتان بەرهەم هێناوە, پێشانگا و نمایشى شێوەکاریەکانتان بۆ یەک ڕۆژ تا سێ ڕۆژ کراون بە خراپترین کوالیتى بەبێ ئەوەى یەک دیبەیتى هونەرى لەگەل ئەم نمایشانەدا کرابێت یەکەم ڕۆژ رۆژى کردنەوە نمایشەکە و دووهەم ڕۆژ بەخشینى خەلات بە سەر خۆتاندا و سێ هەم ڕۆژ جۆڵ و هۆڵ, هەروەها فیستیڤال و دیدارەکانتان کە تەنها پۆستەریشى بۆنەکراوە لە سێ ڕۆژى تێنەپەرێوە و تەنها چەند وێنەیەکى سەر فەیسبووک نەبێ هیچى تر نامێنێ, هەروەها چالاکى لەسەر ئاستى هەرێم و چوار پارچەى کوردستان و فیستیڤاڵى جیهانى بۆ کتێب و کاریکاتیر و فۆتۆگرافى و شێوەکارى و پەیوەندى کولتورى لەگەڵ ولاتانى دراوسێ کە زۆربەى زۆرى ئەم نمایشانە لە چەند دەموچاوێک تێناپەڕی کە لە هەموو چالاکیەکاندا دووبارە دەبنەوە بوون بە ئەندامى دائیمى نمایشەکان, دیاردەى زۆر و بۆر لە هەموو چالاکیەکاندا دەبینرێت بۆ نموونە نمایشى ( 74 ) شێوەکارى ئافرەت , نمایشى ( 100 ) هونەرمەند ( 100 ) فۆتۆگراف, شانۆگەریەکان لە یەک هەفتە تێناپەرێت و بی بینەر, کۆنسێرت و نمایشى مۆسیقى لە دوو ڕۆژ تێناپەرێت و پر لە کێشەى دەنگ, زۆربەى زۆرى هەمووى لە رووى کوالیتیەوە هەژارە بێ پارەیى و بێ بودجەى پێوە دیارە, نەبوونى کەتەلۆک و کوراسى هونەرى و نەبوونى ریکلام و دەزگاى میدیاى و ڕۆژنامەکان لەگەل ئەم چالاکیانەدا, نەبوونى ئەرشیف کردن و هەڵگرتنى ئەم چالاکیانە کە ئەمانە وایان کردووە ببێت بە ( هەرزان بازارى کولتورى ) وە ئەم حاڵەتە بەردەوامى هەیە تا نوسینى ئەم دێڕانەش.
ئەوەى کە چێى سەرنجە زۆربەى زۆرى ڕەخنەکان قسەکردنە لە سەر بوونى گەندەڵیە لە خەرج کردنى ئەم بڕە پارەیە.
بەڵام کەسێک نییە بڵێت ( بۆ ) ئەم پارانە دراوە بەم جۆرە چالاکییانە ( بۆ ) فلتەرتان نەبووە ( بۆ ) لیژنەى پسپۆر نەبووە,بۆ بەم پارەیە ئەم هەموو پەیکەرە ناشرینەتان دروستکردوە و بلاوتان کردۆتەوە بە هەموو شاردا, ئەم هەموو کتێبە بێ مانایە چیە چاپتان کردوە ئەم هەموو پێشانگا کاڵوکرجە چییە؟؟
ڕەخنەکان دەبوایە لە سەر ئەو ئاستەبێت کە ئایا ئەم چالاکیانە لە خزمەت کۆمەلگەدا بووە؟ یان چ کاریگەرى هەبووە لە سەر ئاستى تاک؟ یان لەسەر ئاستى چینى ڕۆشنبیر و هونەرمەند؟ بە خەرج کردنى ئەم بڕە پارەیە ڕەوڕەوەى پیشکەوتنى سەرخانى کولتورى لەم چوار ساڵەدا چ گۆڕانکاریەکى بەسەردا هاتووە؟
بە باوەرى من ئەو لیژنەیەى لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بۆ ئەم کێشەیە دانراوە هیچ شتێک ناگۆڕێت, لەسەر هیچ ئاستێک هەم لە ڕووى سزادانى گەندەڵکاران وە هەم لە ڕووى لێپرسینەوە و تەنها وەک ئەو هەزاران لیژنانە دەبێت کە لەماوەى ئەم 28 ساڵەى رابووردودا دروستکراون بۆ هەموو کێشەکان.
ئەم هەرزان بازاڕیە لە هونەر و فەرهەنگى کولتورى ئێمە بەردەوامى دەبێت تا ئەم سیستمە ئیکس پایەرە بە بەردەوامبێت.
 زامۆئا داراغا 2019

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...