پیشنیاردەکەم بە داخستنى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان...

پیشنیاردەکەم بە داخستنى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان...
لە ناوەڕاستى مانگى حەوتدا نوسینێکم بڵاو کردەوە بە ناوى ( گەڕانەوە بۆ خاڵى سفر )
کە پێشنیار دەکەم بە داخستنى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان و گشت بەرێوەبەرایەتیە گشتیەکانى سەر بەم وەزارەتە لە هەموو پارێزگاکانى هەرێم,
بە باشى دەزانم دووبارە ئەم نوسینەم بڵاو بکەمەوە بە هۆى ئەو هەموو کێشانەى کەلە ئێستا هەیە و ڕووبەرووى ئەم وەزارەتە بۆتەوە, وە دەنگى ناڕەزایەتى هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لە زیاد بووندایە دژ بەو گەندەڵیانەى کەلە ژیر ناوى هونەر و ڕۆشنبیرییەوە دەکرێت لەم هەرێمە.
بە گرنگى دەزانم سەرنجى هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ڕاکێشم بۆ ئەم پێشنیارە کە بتوانن پشتگیریم بکەن, وە چی تر شتێک نەمێنێت بە ناوى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان لەم هەڕێمەدا.

گەڕانەوە بۆ خاڵى سفر...
وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانى هەرێمى کوستان/ عیراق بە نموونە...
لە سەرو بەندى دروست کردنى کابینەى ( نۆ )ى حکومەتى هەرێمدا و دانانى وەزیرێکى نوێ بۆ ئەم وەزارەتە, بە پێوستى دەزانم ئەم پێشنیارە بکەم.
لە یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان/ عیراق لە ساڵى 1992 شێرکۆ بێکەس بوو بە یەکەم وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى ئەم هەرێمە, وە لە دواى یەک ساڵ و سێ مانک دەستى لە کار کێشایەوە وە نەیتوانی بەردەوام بێت, لێرەدا باسى هۆکارەکانى وازهێنانى شێرکۆ بێکەس ناکەین بەڵکو باس لەو فەشەلە دەکەین کە توشى ئەم وەزارەتە بووە بۆ هەشتەم جار لە ماوەى ( 28 ) ساڵى ڕابوردوودا, وە بە دڵنیاییەوە ئەم وەزارەتەش کە تازە پێک هاتووە هەمان چارە نووسى دەبێت لە فەشەڵ هیچى تر بەرهەم ناهێنێت وە ناتوانین هیچ هیوایەکى پێ ببەستین.
دەبێت ئەوە بزانین کێشەى هونەر و فەرهەنگى کولتورى و ڕۆشنبیرى لە ( سیستمە )کەدا خۆى دەبینێتەوە, پەیوەندى بەو عەقڵیەتەوەیە کە سیاسەتى کولتورى ئەم هەرێمەى داناوە وە ئەم سیستمە بەڕێوە دەبات و داکۆکى لێدەکات بە خێوى دەکات, کۆى سیستمەکە کێشەى هەیە و پڕە لە کەم و کوڕى, گەر لە سەرى هەڕەمەکەوە بیبینین یان لە ژێر هەڕەمەکەوە هەمووى پڕە لە کۆسپ و نوشستى و فەشەلە... بە گۆڕینى کەسەکان و دەموچاوەکان هیچ ڕوونادات بە گۆڕینى کەسێکى حیزبى بۆ کەسێکى نا حیزبى هیچ ناگۆردرێت بە گۆرینى حیزبێک بۆ حیزبێکى تر لە وەزارەتەکەدا هیچ ناگۆڕدرێت, تەنها لە خزمەتى شەخسى هەندێ کەسانەبێ هیچى تر 
ڕوونادات.
بۆ گۆرینى سیستمەکە پێوستمان بە جۆرێکى تر لە بیرکردنەوە هەیە, جۆرێکى تر لە شیکارى هەیە بۆ کێشەکان, پێوستمان بە کردارى ڕادیکاڵانەیە هەیە کە لە ڕەگەو ڕێشەوە جارەسەرى بکەین.
هەنگاوى یەکەمدا پێوستمان بەوەیە سیستمەکە لە ( کاربخەین ) واتا ئەوەى کەلە ئیستادا هەیە لە دام و دەزگا حکومیانەى کە سیاسەتى کولتورى ئەم هەرێمە بەرێوەدەبەن بوەستێت و لە کاربخرێت و کۆتاى پێ بهێنرێت, پێوستمان بەوەیە باوەڕکەین ئەو چارەسەرانەى کە کراون لەم چارەکە سەدەیەى ڕابوردوودا هەمووى هەڵە بووە, لە بەنەڕەتدا لە سودى سیستمەکەدا بوون و بە قانجازى شەخسى شکاوەتەوە بۆ هەندێ لەو کەسانەى کە ڕابەرایەتى ئەم سیاسەتە کولتوریە دەکەن لەم هەڕێمە.
وازلەوەبهێنین کە سبەینێ کەسێک دێت و دەبێت بە وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان لە سوپەرمان بەهێزترە لە باتمان گەورەترە و سیستمەکەمان بۆ دەگۆڕێت. بیر لە نەکەینەوە کە ئێستاش هیوایەک ماوە لە ناو سیستمەکەدا کە لە هەناوى خۆیدا گۆرانکارى دەکات و سیستمەکەمان بۆ بگۆڕێت, یان لە شەو ڕۆژێکدا ئەم عەقڵیەتەى کە لە 28 ساڵى ڕابووردوودا بەم شێوەیە بیربکاتەى قڵپ بێتەوە و بگۆردرێت بە عەقڵیەتێکى مۆدێرن تازەگەڕ.
پێشنیاردەکەم کە ئەم وەزارەتە نەمێنێت وە شتێک نەمێنێت بە ناوى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانەوە, بەش بەش بکرێت و دابەش بکرێت بە سەر وەزارەتەکانى تردا, یان بدرێتە دەست پارێزگاکان و ئەنجومەنى پارێزگاکان, یان وەک بەشێکبێت لە شارەوانییەکانى شار و بەرێوەى بەرێت. وە سیاسەتى کولتورى بگۆردرێت بە پێى خەسڵەت و تایبەتمەندى و کولتور و فەرهەنگى شارەکان,لە یەک سیاسەتەوە بگۆڕدرێت بۆ فەرە ڕەهەندى و فرە سیاسەتى کولتورى کە کونجاوبێتلەگەل کەش و هەوا و ڕەوشى هونەرىشوێنەکە,ئیتر وەزارەتێک یان بەڕێوەبەرایەتیەک یان فەرمانگەیەک نەبێت بەناوى هونەر و ڕۆشنبیرییەوە دەورى برا گەوڕە ببینێت, پێوستمان بەوەیە ماوەیەک واز لە هەموو ئەو ناوە قەبە و زلەکان بهێنین کە ئێستا هەیە لە پۆست و پلەو پایەى بۆش, پشویەک بدەین و ڕۆحمان ئارام بکەین چاومان هیچ نەبینێ گوێچکەکانمان هەواڵى ناخۆش و بێ لەزەت نەبیستێ , ئیتر پیوستمان بە ماستاو و قن لێسى نەبێ بۆ وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى و سەرۆک بەشى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان و بەڕێوەبەرایەتیەکانى ئەم وەزارەتە, کەسێک نەبێتە پۆلیسى هونەر و فریادڕەسى هونەر و فەرهەنگى کولتورى, هەموو ڕۆژێک لاقەمان بکات بە ناوى هونەر و ڕۆشنبیرییەوە خۆیمان پێ ڕەحەت بکات و ڕزگارمانبێت لەو هەموو ئیگۆیە, ڕزگارمان بێت لەم هەموو درۆ شاخدارانە کە ڕؤژانە دەیبیستین و دەبینین, ڕزگارمانبێت لەو هەموو دەڵاڵ و بازرگانانەى کە بە ناوى هونەرەوە پارە دەکێشنەوە, ڕزگارمانبێت لەم هەموو بڕوانامە ساختەیەى لەناو وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاواندا بوونى هەیە, ڕزگارمان بێت لەم سواڵ کردنە و دەست ماج کردنە بۆ ئەوەى کارێکى هونەرى ئەنجام بدەین, ڕزگارمانبێت لە هەدەردانى ئەو هەموو پارەیە کە بەناوى هونەر و فەرهەنگى کولتوریەوە خەرج دەکرێت.
بەڵێ من پێشنیاردەکەم کە وەزارەتى ڕۆشتبیرى ولاوان و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانى ئەم وەزارەتە نەمێنێت لە هەموو شارەکانى هەرێمدا وە ودابخرێت, وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتیەکان بنێردرێنەوە ماڵەوە و گشت فەرمانبەرەکانى ئەم وەزارەتە دابەش بکرێن بە سەر وەزارەتەکانى ترى حکومەتدا, لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانەوە بگۆردرێتبۆ بەشێک لە بەشەکانى پارێزگاکانى هەرێم, ئیتر لە ژێر دەستى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەماندا دەربهێنرێت و بدرێتەوە بە پارێزگاکان خۆیان سیاسەتى کولتورى داڕێژن لە سەر بنەماى لۆکاڵى و تایبەتمەندى پارێزگاکە.
ن-  زامۆئا داراغا 2019

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...