پێرفۆرمانس چیە ؟

پێرفۆرمانس چیە ؟


ن - حەمە ھاشم
لە ھونەردا چەمکێک ھەیە بۆ جۆرێک لە کارکردنی ھونەر پێی دەگوترێ«پێرفۆرمانس» تاڕادەیەک ئەم چەمکە لە ھونەری کوردیدا زۆر تازەیە ، بەڵام لە دونیای ھونەری مۆدێرنی جیھاندا مێژووی ھەیە ، ھەندێ جار لەلای ئێمە بەھەڵەش بەکارھاتووە !، لەبنەچەدا چەمکی پێرفۆرمانس واتا ھونەری ئەدائکردن ، یان بڵێین ھونەری سروتگەرایی ، ئەم ھونەرە لەسەرەتادا لە دەروازەی شانۆوە کەوتۆتە ناو ھونەر ، چونکە جۆرێکە لە دەربڕین لە رێگای باری نمایشئامێز و ئاھەنگئامێز کە جووڵەی جەستە و دەنگ و ئاکامی کارەکە پەیوەندی دەگرن بۆ پێکھاتەی پێرفۆرمانسی ، یەکەمین نمایشی پێرفۆرمانس لە ئەزموونی ھونەرمەندە سەربەخۆخوازەکانی ئیتاڵیاوە دەست پێدەکات کە لە دوای شەڕی جیھانی یەکەم و لەسەرو بەندی سەرھەڵدانی دادایی و تەوژمەتازەکانی ھونەر سەریھەڵداوە ، گەورەترین ئامانج لەوەدابوو کە وێنە و رەنگ ھۆڵەکانی نمایش بەجێبھێڵن و بچنە
سەر شەقام و تێکەڵەیەک لەگەڵ شانۆکردندا درووست ببێت ، چونکە جەستەی ھونەرمەند بەشێکە لە کارەکە و چۆنیەتی جوڵە و دەربرین ھەمووی پێکەوە گرێدەدرێت بۆ دامەزراندنی کارێکی پێرفۆرمانسی ، ھونەرمەند «مارینیتی» کاتێک لە ساڵی ١٩١٣جۆرێک لە شانۆی نمایشکرد و ناوزەدی کرد بەشانۆی ھەمەچەشن ، بەڵام سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەم ھونەرە وەک یەکەیەکی سەربەخۆ دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٠ لەسەر دەستی ھونەرمەند « جۆرج ماتیۆ» کاتێک لەکاتی نمایشی شانۆگەرییەکەی بەناوی -سارە بێرنارد- لە پاریس نمایشی کرد و لەسەر شانۆکەی تابلۆیەکی گەورەی بەماوەی بیست خوولەک درووستکرد ، دوای ئەوەش کۆمەڵێ نمایشی دیکەی ھونەرمەندان ھاتەکایەوە لەوانە «جۆن کاچ» ھەروەھا گروپی گوتای ژاپۆنی لەلایەن ھونەرمەند«کازوشیراجا» لەدوای ئەمانەش کۆمەڵێکی دیکە لەسەر ئەم رێبازە کاری زۆر سەرنج راکێشیان کردووە ، جگەلەمانە دواتر پێرفۆرمانسی میوزیکیش دروست بوو لەساڵی ١٩٦٢کە تێکرای ئەم ھونەرە تێکھەڵکێشێکی بنەرەتیە لە ھونەرەجۆراوجۆرەکان و گوزارشتە لە سرووتێکی تایبەت یان گشتی ، بە ماتریاڵی جیا جیاش کاری لەسەر دەکرێت.

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...