Danyal Uzear Qassab1913-2000 Kurdish Painter~was born in Erbil (Hawler) - Iraqi Kurdistan


دانیال كوڕی عزێر شێخ ھاروون قەسابە، ناوی بە عیبرانی بە( دانیێل عوزێر كەتساڤ) دەخوێندرێتەوە، لە شاری ھەولێر لە ساڵی 1913 لە دایك بوو. باپیری دانیال شێخ ھاروون راوێژكاری ئابووری شاھی ئێران بوو، بۆیە ئەو نازناوی (شێخ)ی وەرگرت و پایەیەكی بڵندی لە ئێران ھەبوو
ئەو كاتەی كە شای ئێران مرد، شایێكی دی جێگای گرتەوە، ئەو شایە زۆر رقی لە جوولەكە بوو، لە بەر ئەم ھۆیە شێخ ھاروون لە سەر پۆستی خۆی لابرا. ئەوەش بووە ھۆی نیگەرانی شێخ ھاروون. لە بەر ئەم ھۆیە شێخ ھاروون ئێرانی جێھشت و رووی لە ئێراق و بە تایبەتیش شاری ھەولێر كرد حەوانەوە. دانیال پێنج برا و چوار خوشكی ھەبوو كە ئەوانیش
ناحۆم، ھونەرمە ندێكی شێوەكار بوو و لە لوبنان بە نەخۆشیی سیل كۆچی دوایی كرد
مەئیر ناوی بە عەرەبی (مونیر) دەخوێندرێتەوە، ئەو تاكو ئێستا لە ئیسرائیل دەژی و كاری شێوەكاری دەكا
شانی، ئەویش تاكو ئێستا لە ئیسرائیل دەژی و بە ھەمان شێوە خەریكی كاری شێوەكارییە
رافی، لە ئیسرائیل كۆچی دوایی كرد
حەبیب، لە( كیبووتس) كار دەكا،( كیبووتس) گوندێكە كە خەڵكەكە بەیەكەوە كار دەكەن
سێرەح، لە ھەولێر كۆچی دوایی كرد
فەرحە، تاكو ئێستا ماوە و لە ئیسرائیل دەژی
رەحمە، تاكو ئێستا ماوە و لە ئیسرائیل دەژی
لەتیفە، تاكو ئێستا ماوە و لە ئیسرائیل دەژی
ھێرتسل یۆنا نووسەرێكی ھەولێرییە، پەرتووكێكی بە زمانی عیبری لە سەر كوردە جوولەكەكانی ھەولێر ساڵی پار چاپ و بڵاو كرد. لەم پەرتووكەدا بابەتێك لە سەر ھونەرمەندی شێوەكار دانیال عوزێر قەسابی نووسی كە لە لاپەڕەیدا نووسراوە. ھێرتسل باسی بەشێكی ژیانی دانیال دەكا و لەو بەشەدا باسی ئەوە دەكا كە دانیال جگە لە كاری شێوەكاری، خەریكی كاری دەرھێنانی شانۆگەڕی بوو. لە مانە (ئۆتێللۆ)ی شێكسبیر و (جمیل وبثینة)ی ئەحمەد شەوقی و ھتد. منیش بڕیارمداوە لە رۆژێكی نزیكدا ئەم بابەتەی ھێرتسل یۆنا چاپ بكەم
من لە ئیسرائیل ماوەی ساڵێك پرسی ھونەرمەندی شێوەكار دانیال عوزێر قەسابم كرد، بەڵام نەمدۆزییەوە. ئەوە بوو ئەم ساڵە جوولەكە ئێراقییەكانی ئیسرائیل شەوێكی كولتوورییان لە مۆزەخانەی عێراقدا لە شاری ئۆر یەھوودە ھەبوو و من لە وێ مونیری براكەیم بینی. ئەوە بوو رۆژێكیان چووم بۆ ماڵی مونیر و دەربارەی دانیال وتی
دانیال تابلۆیەكی لە ماڵی سەرۆكی ئیسرائیلی پێشوو ئیسحاق بێن تسڤی ھەیە، كە ئەمڕۆ ماڵەكەی لە ئوورشەلیم كراوەتە بە مۆزەخانە و لە سەر ماڵەكەی نووسراوە (بایت نەسی ئیسحاق بێن تسڤی: ماڵی سەرۆك ئێسحاق بێن تسڤی). پاشان مونیر وتی
برا، تۆ ئەم یادگارییەی دانیالی برام بنووسە چونكە ئەمە بەشێكە لە مێژووی ھونەری شێوەكارییە. دانیال تابلۆیەكی لە سەر ژیانی (مەعڤار) بە عەرەبی (معبرة) كێشا بوو، واتا ژیانی ئەو قۆناغە سەختە لە ژێر خێوەت و باراندا لە قۆناغ بۆ قۆناغێكی دی. لەو تابلۆیەدا پەلكە زێڕینەیەك ھەبوو. دانیال ئەو تابلۆیەی پێشكەش بە ئیسحاق بێن تسڤی كرد كە ئەوسا سەرۆكی ئیسرائیل بوو و تاكو ئەمڕۆ ئەو تابلۆیە لەو ماڵەدا ماوەتەوە. من رۆژێك لە رۆژان لەگەڵ چەند مامۆستایەكدا چووم بۆ سەردانی ماڵی سەرۆك كە ئەو كاتە لە ژیاندا نەمابوو. خێزانەكەی راحێل بە دوور و درێژی باسی تابلۆیەكەی دانیالی كرد و پاشان وتی
ئەم پەلكە زێڕینەیە لە دوارۆژدا وەك رێنیشاندەرێكە و ھیوایەكە بۆ ژیانێكی شادتر و كامەرانتر
منیش وتم : ئەم تابلۆیەی دانیالی برامە
ئەویش پرسی: راستە؟ دە من زۆر سوپاسی كاك دانیال دەكەم و من بۆ ئەم ھونەرمەندە مەزنە زۆر سڵاوم ھەیە
پاشان دەربارەی دانیالی برای بە خەفەتەوە سەری خۆی ھەژاند و وتی
دانیال لە ئێراق گەلەك تابلۆی ھەبوو، ھەروەھا لە ئیسرائیلیش گەلەك تابلۆی جیاوازی كێشا، بەڵام لە بەر ژیانی سەخت لە ئیسرائیل، زۆربەی تابلۆیەكانی خۆی فرۆشت، ئەویش بۆ پەیداكردنی نانی رۆژانە، ھەروەھا گەلەك تابلۆشی پێشكەش بە برادەرەكانی خۆی دەكرد. ئێستاش لە ماڵی كچەكەی دانیال 
نادیا، نزیكەی دە تابلۆی ماونەتە وە
من لەم رۆژانەدا دوو جار لەگەڵ مونیر دەربارەی ناحۆمی برای بە تەلەفۆن قسەم كردووە، ئاوھای وت
ئەو كاتەی كە ماڵمان لە ھەولێر بوو، ناحۆم له‌ بواری ھونەری شێوەكاریدا زۆر زیرەك بوو و لە من لێھاتووتر بوو، ئەوەش بووە ھۆی سەرنجراكێشانی جەماوەرێكی مەزن لە خوێندنگاكەمان. شایانی باسە كە ناحۆم گەلەك تابلۆی لە خوێندنگاكە ھەبوو و مامۆستاكان بەو تابلۆیانە زۆر سەرسام بوون، ھەروەھا لە ماڵە دەوڵەمەندەكانی ھەولێریش گەلەك تابلۆی ھەبوو. بەڵام زۆر مخابن كە ناحۆم لە ساڵانی چلەكاندا تووشی نەخۆشی سیل بوو و ئەوسا لە ئێراق چارەی ئەم نەخۆشییە نەبوو، ئێدی لەگەڵ دانیال بۆ دەرمان كردن سەردانی لوبنانی كرد و مخابن ئەوە بوو لەوێ كۆچی دوایی كرد. ئەوسا لە ماڵەكەمان بوو بە تازییە و جەماوەرێكی مەزنی ھونەری شێوەكاریش لەم تازییەدا ئامادە بوون
من بە تەنیا دوو وتارم لە سەر دانیا بە كوردی و عەرەبی نووسیوە و ئەوە من ماوەی چوار مانگە ھەوڵ دەدەم كە لە عێراق چاپ بكرێن
من دانیال عوزێر قەساب بە پێشەنگی ھونەرمەندە شێوەكارانی كوردستان و عێراق دادەنرێم و ئەو لەگەڵ براكانی ناحۆم، مونیر و شانی لە ھونەری شێوەكاریدا رۆلێكی زۆر گرنگیان بینیووە .كەچی ئەم راستییە تاكو ئێستا لە كوردستان و عێراق شاردراوە. منیش بۆ پەیداكردنی راستییەكی ئاوھا زۆر ھەوڵم داوە، ھەروەھا زۆر مەسرەفم كردووە، كەچی جگە لە سووكایەتی، گرفت و ھەڕەشە كردن، ھیچ شتێكی دی لە رۆشنبیرانی كورد و عەرەب و لە راگەیاندنی كوردی و عەرەبیدا قازانجم نەكردووە 
دانیال لە ئیسرائیل لە رێكەوتی 17-5-2000 كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی مورەشا نێژرا كە نزیكی تەل ئەڤیڤە. من لە كۆتاییدا تەمەنێكی درێژ بۆ مونیر و شانی دەخوازم. دانیال و ناحۆم لە دڵاندا نەمرن
هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار(دانیال عه‌زیر قساب)نوسین و كۆكردنه‌وه‌ی به‌شیر بۆتانی- ئیسرائێل


Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...