ئه‌بستڕاكت ئارت چییه‌؟

حه‌مه‌ هاشم
(به‌شى یه‌كه‌م)
كه‌ پاشگرى ئاڕتمان دانا بۆ چه‌مكى ئه‌بستڕاكت بێگومان واتا باسی ته‌نها ئه‌و ئه‌بستڕاكته‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ هونه‌ردا هه‌یه‌ و به‌تایبه‌تیش هونه‌رى شێوه‌كارى، چونكه‌ ئه‌بستڕاكت وه‌ك رێباز و مه‌زهه‌بى هونه‌رى له‌ زۆرێك له‌ ژانره‌كانى ئه‌ده‌بى و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ت و ئابووریشدا وه‌ك چه‌مك به‌كاردێت.
ووشه‌ى ئه‌بستراكت كه‌ به‌ ئینگلیزییه‌كه‌ى ده‌نووسرێت (Abstract)، له‌ كوردیدا هیچ ووشه‌یه‌كى ته‌واو گونجاومان بۆى نییه‌، ماناكه‌ى واتا داماڵراو، یان ساده‌كراوه‌، یان وه‌رگرتنه‌وه‌ى ماناى جیاجیا له‌ شتێك.. هتد.، به‌ڵام له‌ عه‌ره‌بیدا ووشه‌ى (التجرید) به‌كارهاتووه‌ و (التجریدیه‌) بۆ ره‌وته‌ هونه‌رییه‌كه‌ جێگیركراوه‌، كه‌ ره‌گى ووشه‌كه‌یان له‌ (مجرد) وه‌رگرتووه‌ به‌ ماناى (ته‌نیا) .


بنه‌ماى هونه‌رى ئه‌بستڕاكت بریتیه‌ له‌ ساده‌كردنه‌وه‌ى شێوه‌ و ره‌نگ و دارشتنه‌وه‌یان له‌ كایه‌یه‌كى هونه‌رى ره‌هادا، كه‌ هێزێكى مه‌عنه‌وى ده‌دات له‌ بینیندا، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى تێگه‌یشتن و ئاستى ئیستاتیكى هونه‌رمه‌ند و بینه‌رى كاره‌كه‌ پۆلێن ده‌كرێت.
ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ وا داده‌نرێت زۆر دووره‌ له‌ واقیعیه‌وه‌ و له‌و شێوه‌ بینراوه‌ مه‌ئلوفانه‌ى كه‌ مرۆڤ رۆژانه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیان، چونكه‌ له‌ میانى داماڵینى شێوه‌كان و گۆڕینیان بۆ فۆڕمى تازه‌ و بنیاتنانى كوتله‌ و ره‌نگى دیكه‌ بۆ كارى هونه‌رى به‌هاى واقیعییانه‌ى خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ته‌نیا شێوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ چاو یه‌كه‌مین جارییه‌تى بیبینێت.
هونه‌رمه‌ند له‌ پانتایی كاركردنیدا خۆى دورده‌خاته‌وه‌ له‌ بابه‌تگه‌رایی و نواندن و ده‌ربڕینى ته‌فسیركراو، چونكه‌ ئازادى له‌ كاركردندا ئه‌و سنووره‌ زهنییانه‌ى بۆ لاده‌بات و ته‌نها موماره‌سه‌ و ئه‌زموونه‌كانى خۆى ده‌توانێ بارسته‌ى هاوسه‌نگ نیشان بدات له‌ فۆرمه‌كه‌ ئه‌مه‌ش بێگوومان به‌ په‌یڕه‌وكردنى هاوسه‌نگى ئیستاتیكى كه‌ له‌ نێوان ره‌نگ و هێڵ و بۆشاییدا ده‌خولقێت.
هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر پێمان وابێت هونه‌رى ئه‌بستراكت پێویستى به‌ توانا و به‌هره‌ى تۆكمه‌ و توند و تۆڵى ئاست به‌رزى هونه‌رى نه‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێك بۆ خۆدزینه‌وه‌یان له‌ شاردنه‌وه‌ى ناكامڵى تواناكانیان په‌ناى بۆ ده‌به‌ن، به‌ڵام بێگوومان كرچ و كاڵى ته‌كنیك و هاوسه‌نگى و ده‌ربڕینه‌ ئیستاتیكییه‌كان پێگه‌ى كارى هونه‌رى ده‌رده‌خه‌ن و بێئاگاییه‌ ئه‌گه‌ر پێمان وابێت ئه‌بستراكت پێویستى به‌و هێزه‌ هونه‌رییه‌ نییه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌تى.
له‌ پانتایی هونه‌رى هاوچه‌رخ و تازه‌ دا ئه‌بستراكت زۆرترین به‌ها هه‌ڵده‌گرێت بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ئه‌و پێگانه‌ى كه‌ له‌دواى قۆناغه‌ گرنگه‌كانى ئیمپرێشینیزم روویانداوه‌، هه‌روه‌ها له‌دواى دادایى و سوریالیزمیش هێنده‌ى تر تۆخبوونه‌وه‌ى ره‌هه‌نده‌كانى ئه‌م هونه‌ره‌ هه‌ست پێده‌كرێت.
مێژووى ئه‌م هونه‌ره‌ وه‌ك رواڵه‌ت زۆر كۆنه‌ چوونكه‌ ده‌توانین هه‌موو ئه‌و نه‌خش و زه‌خره‌فانه‌ى سه‌ر لە‌گه‌ن و ده‌فره‌ قوڕینه‌ییه‌كانى كۆتاییه‌كانى چاخى به‌ردینیش ئاماژه‌ پێبده‌ین، به‌ڵام وه‌ك چه‌مكى هونه‌رى رێكخراوو مێژوه‌كه‌ى بۆ ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند كاندنیسكى سه‌رنجى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كراسێكى گوڵ گوڵى ره‌نگاوره‌نگى كچێك كه‌ با لێیده‌دات و شه‌پۆلێكى ره‌نگى ناوازه‌ درووست ده‌كات، هه‌ر له‌و روانینه‌شه‌وه‌ كاندنیسكى باوه‌ڕ به‌ جوانى بێ ده‌ربڕین ده‌هێنێت و تابلۆكانى درووست ده‌كات ، كه‌ مێژووه‌كه‌ى بۆ سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بیسته‌م ده‌گه‌رێته‌وه‌ به‌ دیارى كراوى ساڵى .1911

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...