تابلۆی ھونەریی دیواری ڕاگری شەقامی سالم — سەھۆڵەکە

ئێستا تەواو بوو 
تابلۆی ھونەریی دیواری ڕاگری شەقامی سالم — سەھۆڵەکە 
[وانەیەک بۆ ئەوان، ئەزموونێک بۆ ئێمە]

پێشەکییەکی_پێویست
وێنە کۆنەکانی ئەو دیوارە زۆر جوان بوون بەڵام چەند ساڵێک بوو کۆن بوبون و بۆیاخەکەیان ھەڵوەری بوون و وێنەی پیاوە مەزنەکانی گەلەکەمان دیار نەمابوون

خاوەنی_بیرۆکە
تیمی میدیا وپەیوەندییەکان لە ئاسیاسێڵ بیرمان لەوە کردەوە کە بە تابلۆی نوێ و بیرۆكەی نوێ دیوارەکە نۆژەن بکەینەوە.

بیرۆکەی کارەکەمان کرد بە مۆدێلی کێبڕکێ و لە فەیسبووک ئاشکرامان کرد ھەتا ھونەرمەندان پرۆژەی ھونەری خۆیان پێشکەش بکەن و کێبڕکێ بکەن لەسەر خەڵاتەکەو نازناوە ھونەرییەکەی بەڵام بەو مەرجانەی کە شارەوانی سلێمانی و ئاسیاسێڵ دایان دەنێن کە زیاتر وەک مەرجی ئەندازیاری و مەرجی ئاکاری خۆیان دەبینیەوە.

وادەی دیاریکراو تەواو بوو .ئەوە بوو 18 پرۆژە و پێشنیاری ھونەری گەیشتە دەستمان.. دەنگدان دەستی پێکرد و لێژنەی ٦ کەسی بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەی «پانۆرامای سلێمانێ» ھەڵبژارد کە گێڕانەوەی چیرۆکی شارە لە دروستبوونیەوە لە 
سەر دەستی ئیبراھیم پاشای بابان تا رۆژگاری ئەمڕۆ.

ھێرش_یان_رەخنە؟
ھەر یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کارەکە ئاسیاسێڵ و پرۆژەکە کەوتنە بەر شاڵاوی رەخنە و ڕق و ھەڕەشە ... با ئێمە لە روانگەی حورمەت و رێزەو بڵێین رەخنە.


رەخنەکان چوار جۆر بوون :—
١- رەخنە لە دڵسۆزییەوە 
ئەم رەخنەگرانە پێیان وابوو دیوارەکە دەکرێتە شوێنی ریکلام بۆیە رەخنەکانیان بەو ئاراستەیا برد.
٢- رەخنە لە بەغیلییەوە 
ئەم رەخنەگرانە قسەکانیان لە بەغیلی و حەسوودی بردن بە کارەکانی تیمی ئاسیاسێڵەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ئێمە ئاشناین پێیان.
٣- رەخنە لە نەزانی و پەلەپەوە
ئەم جۆرە لە رەخنەگران چاوەرێیان نەکرد بزانن وێنە گشتییەکە چی ھەر زوو کەوتنە نوسین.
٤- رەخنەی ئەو بەرێزانەی رەخنە لە ھەموو شتێکی چاک و خراپ دەگرن
ئەمەش لای ھەمووان ناسراون کێن و راھاتووین لە گەڵیان.

ئێمە وەک ئاسیاسێڵ ھەر چوار جۆرەکەی رەخنەمان قبوڵە و رەخنەگرەکانیش ئەخەینە سەرچاومان.

بزنز_و_شارستانییەت___دیدێکی_سۆسیۆلۆجیستیانە!

کوردستان دواکەوتووە لە رووی گەشەی ھزر و ئاگایی تاک و تێگەیشتن لە ھاوکێشە نوێیەکان. 
بزنز لە ھەموو کۆمەڵگاکاندا بەشێکە لەو ھەڵکشانەی کە ھەموو جڤات پێکەوە دەیبینن بە خۆیانەوە. بزنز جیا نییە لە ژیانی جڤات و تاکەکانی. بزنز جگە بەشداریکردن لە دروستکردنی قازانج و کایەی ئابووری ھاوکات ھەماھەنگە لە فۆرمەلەکردنی کۆمەڵگاو تاکەکانی. بزنز و کۆمپانیاکان لە دونیای ئەمڕۆدا بەشدارن لە دروستکرن و ئاراستەکردنی کایە سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژییەکان.

لیژنەی_بڕیاردەر_کێ_بوو؟

١- عومەر مەحوی — سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی— ئەندازیار و شارەزاو سەرۆکی لێژنە

٢- عوبەیدە فەیاز — ھونەرمەندی شێوکاری وڵاتی سوریا و خاوەنی ماستەر لە شێوەکاری لە ئیتالیا

٣- چرا حسێن — بەڕێوەبری گشتی کۆمێرشیاڵ— ماستەر لە مانجمێنت— ئاسیاسێڵ

٤- عەبدوڵا حەسەن — بەڕێوەبەری پێشکەوتووی کۆمینیکەیشن و میدیا ، ماستەر لە سەرکردایەتیکردن — ئاسیاسێڵ

٥- کوردۆنیا کەریم — پسپۆری کۆمیونیکەیشن لە ئاسیاسێڵ و ھونەرمەندی شێوەکار و سینەماکار.

٦- دلێر بەھجەت — ئەندازیاری پێشکەوتووی تەلارسازی — ئاسیاسێڵ

٧- ئەحمەد مەحموود - ھونەرمەند و پسپۆڕی کۆمیونیکەیشن — کۆئۆردینەیتەری پرۆژەکە.

کێ_کێبڕکێکەی_بردەوە ؟ 
پرۆژەی ' پانۆرامای سلێمانی ' ھەردوو ھونەرمەند مامۆستایان رەوف حەسەن و سەلیم عەزیز .

شایانی باسە تابلۆی پێشووتریش ھەر ئەم دوو ھونەرمەندە نەخشاندبوویان.

باران_پرۆژەکەی_دواخست!

نەورۆزی ٢٠١٩ رۆژی دیاریکراو و مەبەست بوو بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە بەڵام زۆری بارانبارین و نالەباری کەشوھەوا پرۆژەکەی دواخست.

ھۆتێل_شاری_جوان_بۆ؟ 
ھەندێک ھاوشارییمان گلەیی ئەوەیان کرد کە بۆچی ھۆتێل شاری جوان لەو تابلۆیەدا ھەیە و ئەمەیان بەستەوە بە ھۆکاری سپۆنسەرکردنی پرۆژەکە لە لایەن ئاسیاسێڵەوە.
لەراستیدا بوونی وێنەی ھۆتێلەکە ھیچ پەیوەندییەکی نییە بە سپۆنسەری پرۆژەکەوە.

ئەو ھۆتێلە خاوەنەکەی ھەر کەسێک بێت و بمانەوێت و نەمانەوێت بۆتە ئایکۆنی شاری سلێمانی نەک لە چاوی ھاوشارییەکانەوە بەڵکو لە چاوی ئەو بیانی و میوانانەی دێنە شارەکەوە و ناکرێ باسی سلێمانی بکەی بەبێ باسکردنی شاری جوان .... ناکرێ چیرۆکی سلێمانی بگێڕیتەوە بە بێ شاری جوان ... ناکرێ وێنەی سلێمانی بنەخشێنیت بەبێ شاری جوان.

پانۆرامای_سلێمانی_چییە ؟ 
ئەو پرۆژە ھونەرییەی لە کێبڕکێکەدا بردییەوە ناوی ' پانۆرامای سلێمانییە' 
پرۆژەکە گێڕانەوەی چیرۆکی شاری سلێمانییە لەسەر دەستی ئیبراھیم پاشای بابان و چیرۆکی دروست بوونی قوتابخانەی فەیسەلییە وەک مەڵبەندێکی خوێندەواری و ئاماژەیەک بە سەرکردەو ریفۆرمیست و سەرکردەی ناسیونالیست و تەسەوف مەولانا خالیدی نەقشبەندی.

پاشان وێنەی مزگەوتی گەورە وەک مەڵبەندێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی شارەکەمان.پاشان ئاماژە دراوە بە خۆپیشاندانەکان وەک زیندوێتی ھزری خەڵکی شارەکە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ و دواتر وێنەی یەکەم مەلیکی کوردستان شێخ مەحمەدی حەفید.

ئاماژەدان بە کڵێسایەکی مەسیحییەکان وەک بەشێکی گرنگ لە پێکھاتەی شار و خوڵقێنەری رووداوەکان.پاشان ھۆتێل شاری جوان وەک رویەکی سەردەمییانەی شار کە بۆتە ئایکۆنی پێشکەوتنی شار و وێنەیەکی جوان. 
دواتر زانکۆی سلێمانی وەک مەڵبەندێکی زانستی و رۆشنفیکری و گرنگی زانکۆ لە ژیانی شاردا.

چیای سەرکەشی پیرەمەگروون وەک رەمزی خۆڕاگری گەلی کورد و سووربوون و مانەوە ئاماژەی پێکراوە.
ئاسیاسێڵ کە سپۆنسەری پرۆژەکەیە وەک یەکەمین کۆمپانیای تیلیکۆم و دابینکەری ھەلی کار کە لە مێژووی ھەموو عێراقدا وەک ریکۆردی مێژوویی لە سلێمانی دامەزراوە.

خەون بوو کورد فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەبێ، ھەربۆیە بە شانازییەوە ئاماژە بە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی دراوە کە فڕۆکەیەک بەرەو ئاسمان دەفرێت کە پێمان دەڵێت کوردستان بەرە پێش دەچێت.
دڵیشت_بتەقێ_جوابت_نادەینەوە!
بۆ ئەو جنێو فرۆش و (خۆ-بە-فەیلەسوف-زان)انەش کە شەڕیان دەکرد بۆ ئەوەی وەڵامیان بدەینەوە ئەڵێین:—

به (موتەنەبی)یان وت فڵان کەس جنێوت پێدەدات.
موتەنەبی وتی:- ئەوە ئەو گرگنە ئەیەوێت من جوابی بدەمەوە و ناوی بچێتە مێژووەوە بە ھۆی منەوە.

بەڵام بۆ ئەو بەڕێزانەی تریش كە بە هەرهۆكارێك بێت ڕەخنەیان هەبوو، ڕەخنەكانیان بە سنگ فراوانییەوە وەردەگرین و ئەیانخەینە سەرچاومان.

دوا_وتە
دەستی ھەرکەسێک خۆش بێت کە خزمەتێک دەکا و ھەر گەشاوەتر بێت سلێمانی و ھەر پێشکەووتووتر بێت ئاسیاسێڵ...
Abdulla Hassan






No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...