غەڕەز و مەڕەز .....

غەڕەز و مەڕەز
بودچەى پایتەختى ڕۆشنبیرى...
دیسانەوە کێشەى بیست ملیارەکەى پایتەختى ڕۆشنبیرى کولایەوە, بەلام ئەم جارە لە ڕوانگەیەکى ترەوە باسى ئەم بڕە پارەیە دەکەین کە تایبەت بۆ ژێرخانى کولتورى 

شارەکە دابین کراوە وە بەتایبەتى بڕگەى ( نۆژەنکردنەوە و بونیاتنانی حەوت گەلەری بە بڕى 358,775,000 ملیۆن دینار ) لێرەوە دەبێت لە خۆمان بپرسین!!
بۆچى تەنها ئەم حەوت گەلەریە؟ ئەم حەوت گەلەریە ئەوەندە بەناوبانگ بوون و کارەکتەرى خۆیان هەبووە تا بکرێت بە نموونەى گەلەرى شار؟ کێ بڕیارى لەسەر تەنها ئەم حەوت گەلەریە داوە کە نۆژەن بکرێتەوە؟ ئەو لیژنەیە کێن و ناویان چیە؟ گرنگى جیاوازى ئەم حەوت گەلەریە چیە لەسەر ئاستى شارەکە؟ چ داهێنانێکى کردوە لەسەر ئاستى هونەرى شێوەکارى؟ ئایا ئەم حەوت گەلەریە لە خزمەت گشتى هونەرمەندندایە؟ بە واتایەکى تر ئەم گەلەریانە بە پارەى گشتى نۆژەن دەکرێتەوە دەچێتەوە خزمەتى هونەر و کولتورى شارەکە وە هونەرمەندان توانیویانە کارى هونەریتا نمایش بکەن؟ ئایا ئەم حەوت گەلەریە بە بەردەوامى چالاکى هونەرى تێدا نمایشى تیا ئەنجام دراوە؟ ئەى ئەو
چالاکیانەى کە تێیدا نمایش کراون لە چ ئاستێکدابوون و چ چالاکیەک بوون؟ 
لەدواى نۆژەنکردنەوەکە بەردەوام بووە لەسەر چالاکى هونەرى؟ سودە گەیاندووە بە ڕەوتى هونەر بە گشتى لەسەر ئاستى ڕۆشنبیرى و کولتورى دواى بەخسینى نازناوى پایتەختى رۆشنبیرى؟ ئایا لە ئێستادا چیان بەسەردا هاتووە ماون یان نا؟ کەسێک هەیە بەدواچونى بۆ کردبێ؟ ئایە گرێبەستى بۆ کراوە لە ێوان بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى و ئەم حەوت گەلەریە؟ مەرج دانراوە بۆ نۆژەنکردنەوەى ئەم حەوت گەلەریەى خاوەن گەلەریەکان پەیڕەوى بکەن؟ 
بەباوەرى من گرنگە لەئێستادا ئەم پرسیارانە بکرێت لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیرى و بۆردى پایتەختى ڕۆشنبیرى.
چونکە گەندەڵى شێوازى زۆرە هەر بەتەنها پارە دزین نییە؟ بەڵکو شێوازى زۆرى هەیە وە بەتایبەتى لە بوارى هونەردا, کێشەکە لەوە گەورەترە کە چەند پارەیەک دیارنەمێنێت, بەڵکو کێشەکە لەوەدایە ئەم بڕە پارەیە کە ( بیست ملیار دینارە ) و کەچى ڕەوشى هونەرى و کولتورى شارەکە خراپترە و وێرانتر و ناشرینتربووە. بۆیە پێویست دەکات ئەم پرسیارانە وەلام بدرێتەوە لە سەر چ بنەمایەک ئێوە پارەتان بۆ نۆژەنکردنەوەى ژێرخانى کولتورى کردوە. 

زامۆئا داراغا 2019

ئێبینى:- ( غەڕەز و مەڕەز ) لەزارى بابەکر دڕەیەوە وەرگیراوە کە پڕ بە پێستى بابەتەکەمە.
ئەوەى من ئاگادارم گەلەرى سەردەم بڕى ( 25,000,000 ) ملیۆن دینارى بۆ خەرج کرا بەڵام لە دواى شەش مانک لەلایەن دەزگاى سەردەمەوە داخراو ڕوخێندرا و بوو بە دوکانى بازرگانى ئۆتۆمبێل.
وە لەو کاتەدا بەرێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى هیچ هەڵوێستێکى جدى نەبوو بەرابەر بە گەلەری سەردەم.
گەر بڕى 358,775,000 دابەشى حەوت گەلەریەکە بکەین ئەوە هەر گەلەریەک بڕى 51,253,571 مایۆن دینارى بەردەکەێت.

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...