خەنجەر

میللەتی كورد هەر لە دێر زەمانەوە خەنجەری وەك چەكێك بۆ پارێزگاریكردن لەخودی خۆی بەكارهێناوە و گەلێك جاریش جل و بەرگی كوردی پۆشیوە و هەر بۆ جوانی لەبەر پشدێنی ناوە و تەسبیحێكیشی تێوە ئاڵاندوە، خەنجەر وەك ڕەمز و
هێمای نەتەوەی كورد دەناسرێ و ساڵی 1920 لە سەردەمی حكومەتی شێخ مەحموودی نەمر وێنەی خەنجەر لەسەر پوولی پۆستە و گەیاندن بوە، بۆیە ئێستاش زۆرێك هەن ئەو كلتوورەیان پاراستوە و بە شێوەیەكی كوردانە و نیشتمان پەروەرانە بەرگری لەو سامانە بەنرخە دەكەن، میللەتی كورد گەلەك لەمێژە هاوڕێ و برادەری سێ شتە ئەوانیش خەنجەر و گۆپاڵ و تەسبیحە، بۆیە زۆربەی سەركردەكانی كوردیش خەنجەریان وەك چەكێكی جوان و كاریگەر بەكارهێناوە و زۆریش شانازیان پێ كردوە، بۆیە ئەو ئامێرە هەرگیز كۆن نابێ، سەبارەت بەو بابەتە (سەلاح پەرچەم بلباس)
كە شارەزاییەكی باشی هەیە لە خەنجەر و چۆنیەتی كاركردن لەسەری و كورتەیەك لە مێژووی خەنجەری بۆ باسكردین و لەبەرایدا گوتی: هەر لەو كات و ساتانەی كە ئاسن پەیدا بوە كەسانی شارەزای ئەو بوارە بیریان لە دروستكردنی خەنجەر كردۆتەوە، پاشان بۆتە هێمایەك بۆ پارێزگاری و جوانی، جگە لە كورد عەرەبیش خەنجەری بەكارهێناوە، هەر بۆ نموونە هەر هۆزێك لە هۆزەكان جۆرە خەنجەرێكی تایبەت بە خۆی هەبووە، بە تایبەتی خەنجەری ئیماڕاتی لە شێوە و شكلدا خوارییەكەی گەلێك زۆرە، بەڵام هەرچی خەنجەری سووریە ڕاست و ڕاستە، بەڵام بە گەواهی هەموو لایەك خەنجەری كوردەواری لە شكل و شێوەدا جوانترینیانە، سەبارەت بە جۆرەكانی خەنجەری كوردەواری بریتیە لە خەنجەری دەبان و شینە تیخ و دەبان و قەزبین و جەوهەردارە، لە نێو هەموو ئەوانە باشترینیان خەنجەری دەبانە لە ڕووی نرخیشەوە لەوانی دیكە زیاترە، سەبارەت بە خەنجەری دەبان واتەی دەبان وشەیەكی بیانیە و واتەی ئاودز دەگەیەنێت، وشەی ئاودزیش لە كوردەواریدا ئەگەر برینێك زوو چاك نەبێت ئەوا پێی دەڵێن ئاودز بوە، بۆیە برینی خەنجەری دەبانیش چاك نابێتەوە، خەنجەری دەبانیش بەوە تاقیدەكرایەوە كاتێك لە ناو شیریان دەنا شیرەكەی تێك دەدا بە جۆرێك بە كەڵكی هەوێن و ماست نەدەما، بەڕاستی ئەوەی زیاتر هانی منیدا كار لەسەر خەنجەر بكەم و بایەخ و گرنگی بەو كلتوورە بدەم ئەوەبوو سەیرمكرد خەنجەر بەرەو نەمان دەچێت، بۆیە دەستمكرد بە چاكردنەوە و دروستكردنی دەسك و كاڵان بۆیان لە شاخی ئاژەڵ و دار و جامی تەیارە و كاڵانەكەشی لە پێستەی ئاژەڵ و مار، چونكە ئەوەشیان جۆرە شانازییەكە بۆ من كە بتوانم پارێزگاری لەو كلتوورە بكەم و لە فەوتان و لەبیرچوونەوە بیپارێزم، دزا جار ماوەتەوە بڵێین وشەی خەنجەر لە زۆر وشە و دەستەواژە و پەندیی كوردیدا بەكارهاتووە بەو شێوەیەی خوارەوە:

- ئەگەر هاتوو یەكێك تووڕە بوو قسەیەكی ناشیرین و نابەجێی بە یەكێك گوت ئەوا ئەو پەندە كوردیەی بۆ دێننەوە كە دەڵێ: چاك دەبی جێی خەنجەران، بەڵام چاك نابی جێی خەبەران.
- ئەگەر جاران لە كوردەواریدا یەكێك كارێكی بەرامبەر نەیارەكەی بكردایە و هەقی خۆی وەربگرتبایە، ئەوا دەیانگوت فلانە كەس بە زەبری خەنجەر هەقی خۆی وەرگرتەوە.
- ئەگەر هاتوو یەكێك بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و كاری خۆی ئازا و بزێو بێ ئەوا پێی دەڵێن فڵانە كەس وەك خەنجەری دەبانی وایە و لە نێو كاڵانی ڕاناوەستی. 
- ئەگەر هاتوو یەكێك بە فرت و فێڵ و غەدر و خیانەت دەستی لە بەرامبەرەكەی وەشاند ئەوا پێی دەڵێن لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لێدا.. ئەوانە و زۆر پەند و قسەی دیكە دەرهەق بە خەنجەر هەن، بەڵام لەو دەرفەتەدا ناكرێ هەر هەموویان بخەینە ڕوو
محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...