نمایشێکى شیوەکارى ( زامۆئا داراغا )

ڕۆژانى ٣٠/٥/٢٠٠٥ و ڕۆژانى دوایى لە هۆڵى مۆزەخانەى نیشتمانى ( ئەمنە سورەکە )

لە نوسینى:- ئاڤان سدیق 
نمایش کردنى ئەم سێ کارە لە یەک جێگەدا , هەر کارەو بۆ خۆى سەربەخۆ و جیاوازە لە فۆرمدا , 
سێ کارى تێهەڵکێشە لە بابەتدا, چونکە لەم کارانەدا ( شوێن ) بەشێکى گرنگە لە کارەکە یان بە پێجەوانەوە.
لەم جۆرە کارانە کە بە ( ڕاوم ئەنسەلاتسیۆن ) ناودەبرێت کارکردنە لە ناو کایەى عەقڵ و فکردا واتا ئەتوانین لە ڕێگەى فۆڕمەوە بەهاى باوى ماتریاڵەکە بگۆرین, بۆ نموونە کتێب وەک ماتریاڵ و فۆڕمێکى دەستکاریکراوى ئامادە کەلە شتە ڕۆژانەییەکانى ژیانە وە ماناى جێگیر و بەکارهێنانى تایبەتى خۆى هەیە, کاتێک کە دواى دەستکارى کردنى و سڕینەوەى وشەکان و دواتر ( صب ) کردنى لە ناو مۆمدا گۆرینى شوناس و وەزیفەى کتێبە لە مانا باوەکەیەوە بۆ فۆڕم و جۆرە بەکارهێنانێکى تر بەدەر لەو مانایەى کە کێب هەمیشە هەیبووە, واتا گۆرینى فۆرمى شێوەکان یەکسانە بە گۆرینى جۆرى
ماناکەیەوە.
لە هەریەک لەم سێ کارەدا پێشاندانى دیاردە باوەکانى سەردەمە نەک پشتگیرى لێکردنى, بۆ نموونە لە کارى دووەمدا:-
ڕۆژنامەکان لەسەریەکتر کەڵەکە کراون و لە ناو چەوریدا هەڵگیراون دیارە ئەمە باسکردنە لە تێماى ( ئیننفۆڕمەیشن ) بە ماناى زانیارى یە ڕووکەشەکان کە هەرچەندە لە ناویدا هەرباسێک بکرێت دواتر بە خێرایى دێت و دەڕوات و شتەکان و ڕوواوەکان ئەکاتەوە بە ئاسانى گوتار و هەواڵەکان هەر زوو لە ژێر ئامێرەکانى چاپدا تێپەڕئەبن و چەند چرکە ساتێک یان چەند ڕۆژێک ئەبنە میوان و خێرا لە ناو مەخزەنەکاندا ( گەنجینەکاندا ) جارێکى تر کەڵەکە ئەبنەوە بەڵام کاتێک لە جیاتى ( مەخزەن و ڕەفەکان ) لە کارێکى هونەریدا لە ناو چەوریدا هەڵئەگیرێت ئەمە پرسیارى تازە دروت ئەکات بۆ چەورى, ئایا ماناى باوى چەورى خۆى چیە؟ چەورى لێرەدا لەگەڵ ماتریاڵێکى وەک کاغەز چ یەک گرتن و تێکەڵییەک دروست دەکات ؟ کە کارەکە لە کارێکى ڕؤژانەوە ئەکات بە کارێک کە بەهاى هونەرى تیابێت, ئایا چەورى بەشێکە لە مرۆڤ یان چەورى چیە؟
لەم کارە هونەرییانەدا لەگەڵ ئەوەى کار بە ماتریاڵەکانى ژیان کراوە هەوڵدراوە بەها هونەرییەکە وەک ئەو نهێنیانەى هەمیشە لە پشتى ماتریاڵەکانەوەن تا ڕادەیەک پەیوەندى ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەردا بخاتە ناو بازنەى فەنتازیاى ماتریاڵەکانەوە.
کارى سێهەم کارى مین و گەنمە, ئەم کارە باسکردنى سروشتى یەکەم و سروشتى دووەمە, کاتێک مین وەک مادەیەکى پلاستیکى ( مێژوى تازە ) لە ناو گەنمدا کە مێژوى کۆنى لە گەڵ مرۆڤ هەیە پەیوەندیدار ئەکرێت بەوەى کە تێیدا ڕوواوە,
لێرەدا گەنم شتێکە بۆ ژیان و مین بۆ مەرگ, بەلام ئایا ئەم کارە خستنە تاى تەرازووى هەردوو هێزى خێر و شەڕە یان ....؟
یاخود سەیرکردنى مێژوى هەردوو ماتڕیاڵەکە و پیشاندانى دیاردەکەیە.
هەریەکە لەم سێ کارەى نمایش کراون لێرەدا وەکو شوێنیش چۆنیەتى دابەش کردنى بەم هۆڵەدا جۆرێک لە پەیوەندى تایبەت لە نێوان ماتریاڵەکان و فۆڕمەکان و فکرەکاندا دیارى دەکات کە بە گۆڕینى شوێن یان جێگە هەریەکێکیان چیرۆکى کارکردنەکە دەگۆرێت, کەواتە هەریەک لەم سێ کارە تایبەتمەندى ترى هەیە ئەگەر بە جیا نمایش بکرێن . ئاڤان سدیق ٢٠٠٥



Source:Site Kurdistan ART
 

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...