ئێشی ددان و موعجیزه‌ی هونه‌ری شێوەکاری

ئێشی ددان و موعجیزه‌ی هونه‌ری شێوەکاری
نوسینی: گه‌زیزه‌ 
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ددانم هاتبووه‌ ئێش و مه‌جبوری کردم بێ ئه‌وه‌ی نۆبه‌ بگرم بچم بۆ ده‌ندانپزشکی ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و رۆژه‌ ئه‌و ده‌ندانپزشکیه‌ که‌ هه‌میشه‌ ئه‌چووم به‌سترابوو و
چون ناوێرم بۆ لای هه‌ر که‌سێک بچم و متمانه‌ به‌ هه‌ر ده‌ندانپزشکێک ناکه‌م ، له‌ گه‌ڵ چه‌ند دانه‌ له‌ دۆستانم


 پێوه‌ندیم گرت و وتم کێ باشه‌ ؟ ئه‌وانیش وتیان که‌ دوکتور ئه‌مجه‌د عه‌زیز په‌ناه‌ زۆر باشه‌ . به‌ره‌و مه‌ته‌بی دوکتور عه‌زیزپه‌ناه‌ رێکه‌وتم و به‌ زه‌حمه‌ت په‌یدام کرد له‌ پلیکانه‌کان سه‌رکه‌وتم و چوومه‌ ناو مه‌ته‌به‌که‌وه‌ . ده‌نگی مۆسیقایێکی خۆش و ئارام ئه‌هات ، هه‌ستم کرد که‌ هاتووم بۆ فه‌زایه‌کی هونه‌ری ، نه‌ ده‌ندانپزشکی . ئه‌و رۆژه‌ خۆش شانس بووم چوون که‌سی لێ نه‌بوو و من بێ ماتڵ بوون چوومه‌ ناو ژوره‌که‌ی دوکتور . وه‌ختێ بۆ عیلاج کردنی ددانه‌که‌م ‌ سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌که‌ راکشام دروست له‌ رووبه‌روومدا و له‌ سه‌ر بنمیچه‌که‌چاوم به‌ تابلۆیه‌کی نه‌ققاشی که‌وت که‌ سروشتی ده‌ورووبه‌ری شاری سه‌قز بوو . زۆر پێم جوان بوو و رۆیشتبوومه‌ ناو نه‌قاشیه‌که‌وه‌ و ئیتر که‌متر هه‌ستم به‌ ئێشی ددانم ده‌کرد . 
دوای ئه‌وه‌ی که‌ مه‌راحێلی هه‌وه‌ڵی کاری دوکتور ته‌واو بوو و بۆ سڕ بوونی ددانم چوومه ناو ساڵۆنی ئینتزار و دانیشتم و سه‌یری ده‌ورووبه‌ری خۆمم ده‌کرد بینیم که‌ پڕه‌ له‌ تابلۆی نه‌قاشی و په‌یکه‌ره‌ له‌ کاری هونه‌رمه‌ندان . زۆر له‌ لام سه‌یر بوو ئاخر ده‌ندانپزشکی و تابلۆی شێوەکاری !!!! 
دوباره‌ وه‌ختێ بۆ کێشانی ددانه‌که‌م دانیشتم و جوان ته‌ماشای نه‌ققاشی بنمیچه‌که‌م کرد زانیم که‌ کاری هونه‌رمه‌ندی سه‌قزی کاک ناسر فه‌یزوڵڵابه‌یگیه‌ و وه‌ختێ له‌ دوکتور عه‌زیزی په‌نام پرسی ئه‌ویش وتی : «به‌ڵێ کاری کاک ناسره‌ ». هه‌ر به‌م هۆیه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌ گه‌ڵ کاک ناسر له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ چه‌ند پرسیارم لێکرد .

• بیرۆکه‌ی ئه‌م کاره‌ چۆن بوو ؟ یانی چۆن به‌ فیکرتان گه‌یشت که‌ کارێکی ئاوا له‌ سه‌ر بنمیچ و له‌ رووبه‌رووی نه‌خۆش دابنێن ؟ 
فه‌یزوڵڵابه‌یگی : چه‌ند ساڵ پێش له‌ ئێستا رۆیشتبووم بۆ مه‌ته‌بی دوکتور ئه‌مجه‌د عه‌زیز په‌ناه‌ و هه‌ر له‌و کاته‌دا که له‌ سه‌ر سه‌نه‌دڵییه‌که‌ راکشابووم و چاوم بڕیبووه‌ بنمیچه‌که‌ و دوکتوریش خه‌ریکی کار له‌ سه‌ر ددانه‌کانم بوو به‌ فیکرم گه‌یشت که‌ ئه‌گه‌ر وێنه‌ی شتێکی جوان له‌ سه‌ر بنمیچ و دروست له‌ رووبه‌رووی نه‌خۆش دابنێین زۆر باش ئه‌بێت و کاریگه‌ری له‌ سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ وا هاتووه‌ ددانی چاک بکات ئه‌بێت و هاو کات له‌ گه‌ڵ خاس کردنی ددانی ده‌توانێت چاو له‌ وێنه‌که‌ بکات و که‌متر هه‌ست به‌ ئێش بکات و ئارامشێکی نێسبی پێده‌درێت . هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ ئه‌م پێشنیاره‌م به‌ دوکتور عه‌زیزپه‌ناه‌ دا و وتم ئه‌گه‌ر وێنه‌ یان نه‌قشه‌ی جیهان دابنێین زۆر باش ئه‌بێت ، دوکتوریش زۆری پێ باش بوو و قه‌بووڵی کرد . به‌ڵام کاتێک که‌ باشتر بیرم لێ کرده‌وه‌ زانیم که‌ ئه‌گه‌ر سروشتی ده‌وورووبه‌ری خۆمان بێت باشتره‌ و جوانتریشه‌ و ئیتر نمایه‌ک له‌ چۆمی شاری سه‌قز که‌ ئێسکه‌یسه‌که‌یم له‌ ئاخره‌کانی ده‌یه‌ی شه‌ستدا کێشابووه‌ به‌ ره‌نگ ره‌وغه‌ن و له‌ سه‌ر بووم کێشامه‌وه‌ و له‌وێ دامانا . 
وا بیر ئه‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و شێوەکاری سروشته‌ به‌و ره‌نگه‌ ئاوی و شینی چۆمه‌که‌ و دار و چیمه‌نه‌ سه‌رسه‌وزانه‌ی ده‌ورووبه‌ری هێمنیێکی تایبه‌ت به‌ بینه‌ر ئه‌به‌خشێت و له‌ هه‌مان کاتیشدا که‌متر هه‌سه‌ت به‌ ئێش و ئازاره‌که‌ ده‌کات .

• له‌ ناو مه‌ته‌بی دوکتوردا تابلۆی شێوەکاری تریش بوون و هه‌ر که‌سێک بچێته‌ ناو ژوره‌که‌وه‌ وا ده‌زانێ چووه‌ته‌ ناو گالۆری یان پیشانگای شێوەکاریەوە ؟ 
فه‌یزوڵڵابه‌یگی : به‌ڵێ ، ئاغای عه‌زیزپه‌ناه‌ عه‌لاقه‌ی به‌ کاری هونه‌ری هه‌یه‌ و ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی که‌ ئێوه‌ له‌وێ بینیوتانه‌ ئه‌م شته‌ ئه‌سه‌لمێنێت . 
هه‌ڵبه‌ت دوکتور به‌ وێنه‌گه‌رێش ( عه‌کاسی ) عه‌لاقه‌ی هه‌یه‌ و به‌شێوه‌ی ئاماتۆر کاری کردووه‌ .

• به‌ رای ئێوه‌ ئه‌و کارانه‌ ده‌توانێت کاریگه‌ری له‌ سه‌ر بینه‌ر و ئه‌و که‌سانه‌ ببێت وا ده‌چن بۆ ئه‌وێ ؟ 
فه‌یزوڵڵابه‌یگی : هونه‌ر له‌ هه‌ر کات و شوێنێکدا ببێت کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ و ئه‌م کاریگه‌رییه‌ مه‌عنوی و هونه‌رییه‌ به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له‌ سه‌ر بیر و فیکر و ژیانی مرۆڤ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌ 
فه‌یزوڵڵابه‌یگی : هه‌ر چه‌ند که‌ به‌ ته‌له‌فۆن ناکرێت له‌ سه‌ر هونه‌ر قسه‌ بکرێت به‌ڵام سپاس بۆ ئێوه‌یش . 
گه‌زیزه‌ 
سه‌رماوه‌زی 1388





Source:Site Kurdistan ART

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...