هونەر و جوانی


 هونەر و جوانی 
 نوسینی//تاژان سۆران
هونەر بە یەکێک لە دیارترین بوارەکان دادەنرێت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە جوانییەوە هەیە،بەڵام ناتوانین بڵێین کە هونەر جوانییە چونکە هەندێک کات هونەر هەیە بەڵام جوانی تێدا بەدی ناکرێت ،بەڵکو دەکرێت سروشتی کارە هونەرییەکە ڕەنگدانەوەی كيچی کاری هونەرییەکە بێت یاخود دەکرێت هونەرمەند هێندەی گرنگی بە لایەنی هونەری دەدات لە کارە هونەرییەکەداهێندە گرنگی بە جوانی
نەدات.
زۆرێک لە نوسەران تێکەڵاویەک دروست دەکەن لە نێوان هونەر و جوانی ،بە جۆرێک کە خوێنەریش هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا بەدی ناکات،زۆرێک لەو پەرتوکانەی کە ناونیشانیان جوانییە لە باسکردنی هونەر زیاتر هیچ بابەتێکی دی لە خۆی ناگرێت هەر وەک بڵێیت هونەر تەنها جوانییە. هۆکاری سەرەکیش بۆ تێکەڵکردنی ئەم دوو بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ بۆچونی هەندێک لە فەیلەسوفەکان بەجۆرێک کە هونەریان بە تاکە مەیدان داناوە بۆ بەدەرخستنی جوانی وە زانستی جوانناسی ئاوێتە کردووە بە هونەر لەو فەیلەسوفانەش هیگل هەروەک دەلێت ((زاراوەی جوانناسی کورت دەکەینەوە بۆ هونەرە جوانەکان )) وە هەروەها دەڵێت((بابەتی سەرەکی کە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردووە جوانی هونەرە کە بە تاکە دیدگای ڕاستەقینە دادەنرێت بۆ بیرۆکەی جوانی )) گومانی تێدا نییە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییەک هەیە لەنێوان هونەر و جوانی چونکە مەبەستی هونەر بەدەستهێنانی جوانییە،هەندێک کات ئەم مەبەستە لە کارێکی هونەرییدا بەرجەستە دەبێت زۆر کاتیش بەرجەستە نابێت ،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا جوانی دەستبەرداری هونەر نابێت چونکە بەیەکێک لە مەیدانە فراوانەکانی دادەنرێت،بەڵام ناتوانیت دەستبەرداری لایەنەکانی دی بیت وەک دیمەنی سروشت و لایەنی مرۆڤایەتی.
جون دیوی فەیلەسوف هەوڵیداوە کە پەیوەندی نێوانیان ڕوون بکاتەوە و دەڵێت ((ئەگەر هاتوو بەدوای پەیوەندی نێوان جوانی و هونەردا گەڕاین ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئامانجی هونەر بەرهەم هێنانە ، وە جوانی ئاماژەیە بۆ هەست کردن و چێژ بینین،لەهەندێک کاتیشدا ئاماژەیەکە بۆ جیاکردنەوەی دیاردەی هونەری لە دیاردەی جوانی وە یاخود چێژبینین تاوەکو هونەر نەبێتە بابەتێکی سەپێنراو لەسەر ئەزموونی هونەری )) 

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...