Khatu Zin Kurdish Sculptor ~ Saqqez east of Kurdistan هونەرمەندی په‌یكه‌رساز خاتووزین

هونەرمەند خاتووزین له گوندی "بۆگەبەسی" سەر به ناوچەی تورجانی سەقز لەدایک بووە و زیاتر لە 73 ساڵ هەر لەم گوندەدا ژیاوه. ئەم خاتوونە هونەرمەندەی ناوچەی بوكان وسەقز وەک هەموو ژنانی کوردەواری بەشێک لە کۆڵەکەی قایمی بنەماڵەی خۆی بووە کە بۆ راپەڕاندنی کار و فەرمانی رۆژانه و دابین کردنی پێداویستیەکانی نێوماڵ دەستی داوەتە درووست کردنی تەنوور و دیزه و گۆزە و لەم رێگەوە بژێوی ژیانی خۆی و منداڵەکانی دەستەبەر کردوە.
خاتووزین 31 ساڵ پێش مەرگی خۆی، هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردوه و ئەم کۆچکردن و لێک دابڕانە بوەتە هۆی ئەوەی کە ژنە هەتیوباری کورد جێگەی باوکی منداڵەکانیشی پڕ بکاتەوە و بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان زیاتر لە جاران خۆی ماندوو بکات. ناوبراو بۆ ئەم مەبەسته دەستی داوەته درووست کردنی تەنووری نانی ماڵان و سازکردنی گۆزەی سووری سەرشانی کچان و دێزه و دەرخۆنەی هەمەڕەنگ و کارگەیەکی خۆماڵی لە ماڵی خۆیدا لە گوندی بۆگەبەسی سازکردبوو.
بەردەوامی ئەم شێوە ئیش و کارکردنە وردەوردە پەرەی سەند و لە 12 ساڵی کۆتایی تەمەنیدا سیمای هونەرمەندێکی پەنجە رەنگینی بە خۆیەوە بینی کە وەک مامۆستای پەیکەرتاش "هادی زیائەدینی" ئەڵێ: ئەو لە گەڵ گڵ دۆست و هەڤاڵ بوو، گڵیش تریبوونی وشەکانی دڵی بوو کە رستەی دەروونی پێ ئەڕست.
ژنە هونەرمەندی دەست و پەنجه رەنگینی کورد لە گەڵ ئەوەی کە نەخوێندەوار بوو بەڵام زەینێکی تیژ و بیرێکی وردتری هەبوو، لە وتووێژێکدا کە کاتی خۆی تەلەفزیۆنی سنە لە گەڵی پێکیهێنابوو، سەبارەت به چۆنیەتی دەسپێکردنی سازکردنی پەیکەرەکان وتی: چەند ساڵێک لەوەپێش خولیای درووستکردنی کۆمەڵێک شتی جیاوازی دیکە جگه لە تەنوور و دێزه و گۆزە بووم و ئەم بیرۆکه هەژاندمی و منیش بە پیر خولیاکەمەوە رۆیشتم و ئەو ئاژەڵه دڕنده و پەلەوەرانەی کە خۆم دیتبووم و هەروەها قەڵافەتی ئەو پاڵەوانانەی کە لە چیرۆک و ئەفسانه و بەیت و حەیرانەکاندا بیستبووم و لە زەینمدا رەسمم کردبوو بە گڵ دامئەڕشتنەوە کە ئەم کارە خەڵک پێی دەگوت هونەری پەیکەرتاشی و منیش زیاتر مەبەستم دەربڕینی هەستی خۆم بوو.
بە داخەوە خاتووزینیش لە دوای مەرگی خەڵک ناسییان و زۆر کەس لە بابەت ژیانی هونەرییەوە باسیان لە سەر نووسیوە، وەک ئەڵێن: له ژیانیدا نەچوەته قوتابخانه و نەخوێندەوار بووە، پیشەی گۆزه و دێزه ساز کردن بووە له گڵ و خۆڵ، له ژیانیدا ناوبانگی داوینچی و میکێلنجێلۆ و رۆدێنی نەبیستبوو، بەڵام به کەڵک وەرگرتن له دەست و هەست و بیری خۆی گیانی به گڵه سووره ئەبەخشی. له سەر ژیان و کارەکانی خاتووزین فیلمێک به ناوی "خاتووزین" له دەرهێنانی "مەجید ماهیچی" ساز کراوه و هەروەها هەنووکه بەشێک له بەرهەمه دەستکردەکانی 
خاتووزین له مۆزەخانەی شاری سنه پارێزراوه.

 هونەرمەندی په‌یكه‌رساز خاتووزین














Source:Site Kurdistan ART

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...