Kurdish artist: Sarwat sawz (1954-2004) Sulaymaniyah south of Kurdistan


هونه‌رمه‌ند (سه‌روه‌ت سه‌وز) ناوی‌ ته‌واوی‌ (سه‌روه‌ت ئه‌نوه‌‌ر سه‌وز)ه‌، له‌ساڵی (1954) له‌شاری سلێمانی له‌دایكبوه‌، له‌ماوه‌ی خوێندنی ناوه‌ندیدا به‌شداری چه‌ندین پێشانگه‌ی چالاكی قوتابخانه‌ی كردوه‌،
ساڵی (1970) له‌په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا وه‌رگیراوه‌، له‌وێ‌ به‌شی گرافیكی به‌پله‌‌یه‌كی به‌رز ته‌واوكردوه‌، پاشان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ چۆته‌ ئه‌وروپاو دیسان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان.

سه‌روه‌ت سه‌وز یه‌كه‌م پێشانگه‌ی له‌زانكۆی سلێمانی به‌هاوبه‌شی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تر له‌ساڵی (1976)دا كردۆته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ چه‌ندین پێشانگه‌ی له‌شاره‌كانی (سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك، به‌غداو شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق) كردۆته‌وه‌.

له‌ساڵی (1992)دا، سه‌وز له‌گه‌ڵ‌ هونه‌رمه‌ند (نامیق عه‌لی قادر) پێشانگه‌یه‌كیان له‌شاری پاریسی‌ پایته‌ختی‌ فه‌ره‌نسا كرده‌وه‌، ساڵی (1993)ش له‌سه‌ر بانگهێشتنی (فرانسوا میته‌ران)ی‌ كۆچكردو، پێشانگه‌یه‌كی هاوبه‌شی كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندی كورد‌ له‌و وڵاته‌، له‌وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك (به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیاو ئیتاڵیا) پێشانگه‌ی تایبه‌ت‌و هاوبه‌شی‌ هه‌بوه‌، چه‌ندین پێشانگه‌ی هاوبه‌شیشی‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سامان كه‌ریم) كردۆته‌وه‌.

له‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كاندا، سه‌روه‌ت سه‌وزی هونه‌رمه‌ند، بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌ڕێكخراوی مه‌گ دا كاری مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی كردوه‌.
دواهه‌‌مین پێشانگه‌ی هاوبه‌شی بۆ یادی ساڵڕۆژی شازده‌ی مانگی مارت بو، له‌ڕۆژی‌ (16/3/2004)دا هه‌ر له‌و ڕۆژه‌‌شدا بو كه‌ توشی‌ ڕوداوێكی‌ هاتوچۆ بو، ئۆتۆمبێلێك لێیداو به‌سه‌ختی برینداربو، له‌ڕۆژی‌ (28/3/2004) واته‌ (12) ڕۆژ دوای‌ تووشبوونی‌ به‌وكاره‌ساته‌و برینداربونی‌، له‌نه‌خۆشخانه‌ی (جادری) له‌شاری به‌غدا، كاتژمێر پێنجی ئێواره‌ گیانی له‌ده‌ستداو به‌یه‌كجاری‌ ماڵئاوایی له‌هونه‌رو هونه‌ر دۆستان‌و شه‌یدایانی‌ كاره‌كانی‌ كرد

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...