کولتورى براگەورە ... پارێزگارى سلێمانى بە نموونە,
یەکێک لەو میراتیانەى کە بۆمان ماوەتەوە لە ڕژێمى پێشوى بەعسى فاشست قۆرخ کردنى هونەر و ڕۆشنبیرى بوو وە بە کردنەوەى پێشانگاکان و کار و چالاکى هونەریە لە لایەن پارێزگارى شارەکان و بەرپرسە حیزبیەکانەوە, ئەم دیاردەیە دەبوایە لەگەڵ گۆرانکاریە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتیەکاندا کاڵ ببوایەوە و نەمایە وە بە تایبەتى لەم بیست و نۆ ساڵەى ڕابووردوودا.
بەڵام...
گەر ئێمە سەرنجێکى ورد بدەین لە کارو چالاکیەکانى ساڵى ڕابوردوو تەنها لە شارى سلێمانى دەبینین پارێزگارى سلێمانى بە خۆی و مقەستەکەیەوە لە هەموو نمایشێکى هونەرى و ڕۆشنبیرى ئامادەى هەبووە لە گەڵ بەرپرسە حیزبەیەکانى شارەکە,

لێرەوە هەندێ پرسیار خۆیان دەسەپێنن وە دەبێت بکرێت کە ئەم کولتورە بۆ تا ئێستا ماوە و پەیڕەو دەکرێت بۆ دەبێت کار و چالاکیە هونەریەکان بەرپرسێکى حکومى یان حیزبى بۆمان بکەنەوە.
هاتنیان لەگەڵ ئەو هەموو حەرەس و سیکوریتى و چەکدارە بۆ ناو نمایشەکان بەبێ ئەوەى هیچ قسەیەکى هەبێ لەسەر هونەر و کولتور یان هیچ ڕێزێکى هەبێت بۆ هونەر و کولتور یان هیچى کردبێ بۆ هونەر و کولتور تەنها پێدانى چەند دینارێک یان چەند دۆلارێک کە وەک سواڵ دەیبەخشێت بە هونەر و هونەرمەندەکان, ئیتر دەبێت هۆکارى بوونى ئەم بەرپرسانە چی بێت لە ناو کار و چالاکیە هونەریەکاندا, کە لە بنەڕەتدا هەموومان دەزانین ئەوان چۆن بیردەکەنەوە وە هەڵسوکەوتیان چۆنە لەگەڵ هونەرمندان و کایەى هونەر و کولتورى بە گشیى.
ئامەدە بوونى ئەم پالەوانە فریادڕەسانە لە ناو نمایشە هونەریەکاندا بەم شێوەیە کە هەموو ساڵێک لە زیاد بووندایە چ سودێکى بۆ هونەر و کولتور هەبووە؟ ئەم پرسیارە سادەیە دەبێت بە ڕاستى لە خۆمان بکەین ئێمەى هونەرمەندان و ڕۆشنبیران ئایا ڕەوشى هونەر و کولتور بەرەو پێشەوە چووە لە سایەى ئەم پاڵەوانەنادا؟ ئایا کڕینى کارى هونەرى زۆربووە و هونەرمەندەکە لەیەکەم ڕۆژى کردنەوەى پێشانگاکەیدا زۆربەى کارە هونەریەکانى فرۆشتوە؟ توانیویانە بازار دروست کەن بۆ هونەر یان هاتوون چێژ لە هونەر و کولتور ببینن و بیریان فراوان کەن,
گەر وایە ئەى بۆ حاڵمان بەم شێوەیە بۆ ئەوەندە هەژارین لە سەر ئاستى هونەرى و کولتوریدا وە بۆ ئەوەندە هەژارین لە سەر ئاستى هۆڵ و کەرەسە و پێداویستى هونەرى و پەروەردەى هونەریدا.
کەواتە دەبێت کێشەکە لەکوێدا بێت؟ بوونیان لە ناو هونەر و هونەرمەنداندا چیە؟ ئەو پەیوەندیە نهێنیە چیە لە نێو ئەم دوو جەمسەرە دژ بەیەکە وە بە تایبەتى لەم کاتەدا کە کولتور و هونەر پێیدا تێدەپەڕێت؟ ئایا ئەم پەیوەندیە نا تەندروستە زەقە لە کوێیەوە سەرچاوەى گرتوە ئایا تەنها ئەوەیە کە ئەم میراتیە لە بەعسى فاشستەوە بۆمان ماوە و نابێت دەست بەردارى ببین وە مەحاڵە بتوانین ئەم پەیوەندیە بشکێنین و جیاى کەینەوە لە نێوان بەرپرسى حکومى و حیزبى و هونەر و کولتور.
بە باوەڕى من کولتورى براگەورە ئەو کولتورەیە کە ئێمە ناتوانین بەبێ براگەورە هیچ هەنگاوێک بنێین هەموو کار و چالاکیە هونەریەکان دەبێت براگەورەکان دەست خۆشیمان لێبکەن و ڕەزامەند بن بەو هونەرەى کە ئێمە نمایشى دەکەین,
بە بێ ئەوان واتا براگەورەکان ئێمە ناتوانین هیچ بکەین بوونمان و هونەرمان و کولتورمان پەیوەستە بە بوونى ئەوانەوە, هیچ کارێک و چالاکیەک بەبێ ڕەزامەندى براگەورەکان نابێت وە ناکرێت, دەبێت ئەم هونەر و کولتورە بچێتە خزمەت براگەورەکانمان و سیستمەکەیان بەهێزتربکات و تەمەنى براگەورەکانى پێدرێژبکات و مێژووى هونەر و کولتور لە رێگەى ئەوانەوە بنوسرێت و بناسریتەوە.
بە پێجەوانەوەش ئەو هونەرەى کە ناچێتە ژیر سایەى براگەورەکانەوە و ئەوان بوونیان نییە لە ناو ئەم کار و چالاکیانەدا وە هیچ دەورێکى مادى و معنەویان نابێت وەک فریادڕەسێکى پاڵەوان بە مقەستێکى تیژەوە لەبەردەم نمایشەکاندا ئیتر ئەم هونەرە دەچێتە خانەى دژ و دوژمنەوە کە مەترسى گەورەى لێدەکرێت وەک هونەرێکى ڕووخێنەر دەردەکەوێت و دژى هەموو عادەت و تەقالیدێکى سونەتى ناو کۆمەڵگەبێت و دەبێتە هۆى دروست بوونى پرسیارى تازە لە فۆرمى تازەدا کە نامۆبێت بەو کۆمەڵگەیە کە ئەوان نەخشەیان بۆ کێشاوە ئیتر هەتاهەتایە نەفرەتى لێدەکرێت و توڕیدەدەن و پشت گوێى دەخرێت و دەبرێتە خانەى پەراوێزخراوەکانەوە.
تێبینى :- لەم نوسینەى سەرەوە باسى دەورى هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانم نەکردوە کە ئەوان جۆن مامەڵە لەگەڵ کولتورى براگەورەدا دەکەن و ئەوان چەند توانیویانە ئەم کولتورە کە لە بەعسى فاشستەوە بۆمان ماوەتەوە پەرەى پێبدەن و بیهێڵنەوە و بەرگێکى کوردى شۆرشکێرى لەبەرکەن وە ئەو بیرو باوەڕە بلاوکەنەوە کە هونەر و کولتور دەبێت بەم چۆرەبێت ناکرێت چۆرێکى تربێت,
لە نوسینى داهاتودا بە وردى و ڕوونى باس لە دورى هونەرمەند و هونەرمەندانى سەر بەم کولتورە دەکەین کە چ دەورێکى خراپیان هەبووە بۆ مانەوەى ئەم میراتیە ناشرینە دزێوە وە هۆکارەکانیشى دەخەمە ڕوو کە جۆن لە ئیستادا بووە بە مۆدێل و پێشبرکێ چ هونەرمەندێک دەتوانێت زۆرترین بەرپرسى حکومى و حیزبى بانکێش کات بۆ نمایشەکەى.
وە بە تایبەتى پاریزگارى سلێمانیم هەڵبژاردووە وەک نموونە بۆ ئەم کیسە کە ئەو توانیوێتى دەورى پاڵەوانى فریادڕەسى هونەر و کولتور ببینێت لە جوانترین نمایشى پێرفۆمانسدا.
وە دڵنیام ئەم کولتورە کولتورى براگەورە لە هەولێر و دهۆک و سەرجەم شار و وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕات بوونى هەیە وە بووە بە دیاردەیەکى ڕۆژان لە ناو کایەى هونەر و کولتوردا.
کە دەبێت ئێمەى هونەرمەند و ڕۆشنبیر لەسەر ئەم دیاردەیە قسە بکرێت, ئیتر نەبێت بە بابەتێکى شەخسە تەسک کە تەنها بۆشکاندنى یەکتر بەکار دەهێنرێت و هیچى تر, بۆیە دەبیت ئەم بابەتە بە هەند وربگیرێت و شیکارى بۆ بکرێتوە کەس بە شەخسى وەرى نەگرێت و پێى قارس نەبێت بەلکو بتوانین جارەسەرى بۆ بدۆزینەوە وە لە ژێر هەیمەنەتى برپرسە حکومى و حیزبیەکان دەریهێنین و ئۆتۆنۆم بێت.
هەندێ وێنەم لە چەندین واڵ و پەیچێکەوە وەرگرتوە کە پارێزگار هەستاوە بە کردنەوەى چالاکیەکان تکایە بە شخسى وەرنەگیرێت چونکە خۆتان باگێشى پاریزگار و بەرپرسە کحومى و حیزبیەکانتان کردوە وێنەکەتان بڵاو کردۆتەوە بۆیە هیوادارم کەس دڵگران نەبن .
زامۆئا داراغا. 2020
زامۆئا داراغا. 2020
No comments:
Post a Comment