شارێک بێ ناسنامە, شارى سلێمانى بە نموونە...

شارێک بێ ناسنامە, شارى سلێمانى بە نموونە...
ن-. زامۆئا داراغا 
هەموو شارێک بە ناسنامەکەیدا دەناسرێتەوە بەو ڕووداوانەى کە ڕوویانداوە لە ناو شاڕەکەدا بووە بە مێژوو! یان کوچە و کۆڵان و باڵەخانەکانى کە لە ڕووى هونەریەوە یان لە ڕووى ڕامیارى و دەسەڵاتەوە دروست بووە و گەشەى کردوە و بووە بە بەشێکى زیندوى شارەکە,
شارى سلێمانیش وەک شارەکانى ترى دونیا لەم خاسیەتە بەدەرنییە لەگەڵ ئەوەى مێژووى دروست بوونى مێژوویەکى تازەى هەیە, بەڵام ئەوەى کە دەبینرێت لە دواى ساڵەکانى نەوەتى سەدەى ڕابووردوو وە بە تایبەتى دواى ڕاپەرینى بەهارى ساڵى 1991 هەوڵێک هەیە بۆ سڕینەوە و نەهێشتنى ئەم شوێنانە ئینجا بە پلان بێ یان بە بیێ پلان, وە ساڵ بە ساڵ ئەم دیاردەیە زۆر دەبێت لە ژیر بیانوى جۆراو جۆردا لادەبڕێت و دەڕوخێندرێت, نموونەکان زۆرن بەڵام ئەوەى کە بەلاى منەوە سەرنج راکێشە و دەمەوێت ڕووناکى بخەمە سەر ( فولکەى کاوەیە )
دەتوانم بڵێم هەموو ئلیمێنتەکان لەم فولکەیەدا کۆدەبێتەوە کە ئێمە بتوانین خوێندنەوەیەکى باشى بۆ بکەین لە ڕووى مێژووى و پەیوەندى خەڵک بە شوێنەوە کارتێکردنى شوێن بە سەر خەڵکەوە, بۆ نموونە ئەم فولکەیە لە رووى هونەرى پەیکەرتاشى ئەو سەردەمە وە دروست بوونى دیزاینى نوێ بۆ شار لە ڕێگەى پەیکەر و سەوزایى و نافورەوە وە مێژووى نەتەوەى کورد کەلە کەسایەتى کاوەى ئاسنگەردا خۆى دەبینێتەوە وەک ( ئستورە ) یەکەى کوردى هەروەها شەڕى مانەوەى ناسنامە دژى ڕژێمى بەعسى فاشى لەو سەردەمەدا لە ڕێگەى هونەرەوە بۆ پاراستنى ناسنامەى میللەتى کوردى کراوە, ئەمانە هەمووى لەم فولکەیەدا کۆبۆتەوە کە زۆرتر پەیوەندى بە مێژووى شۆرشى هاوچەرخى کوردەوە هەیە.
لە ناوەڕاستى هەشتاکاندا لە نێوان ساڵى 1983 بۆ ساڵى 1984 لە گەرمەى شەڕى ئێران عیراقدا یەکێتى نیشتمانى کوردستان کە ئەو کات بە هێزترین حیزبى چەکدارى بوو دەستى کرد بە دانوسان ( مفاوەزات ) لە گەڵ ڕژێمى بەعسى فاشستدا, هاتنەوەیان بۆ ناو شار و دروست بوونى فەزایەکى دەستکردى ئازادى لەو ساڵەدا بووە هۆى دروست بوونى بیرۆکەى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر کە گوزارشت لە تێکۆشانى گەلێک دەکات دژ بە ستەم کارى بە دیهێنانى داد پەروەرى ئەمەش لەم پەیکەرەکەدا بە جوانى دەبینرا بە هەڵگرتنى چەکوشێک بە دەستى ڕاست کە گوزارشت لە هێز دەکات و لێکردنەوەى سەرى زوحاک و مارەکانى بە دەستى چەپ کە گوزارشت لە نەمانى زوڵم و زۆرى دەکات لەسەر قاعیدەیەکى بەرز کە گوزارشت لە مەشخەڵى ئاگرى نەورۆز دەکات.
Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...