شارێک بێ ناسنامە, شارى سلێمانى بە نموونە...

شارێک بێ ناسنامە, شارى سلێمانى بە نموونە...
ن-. زامۆئا داراغا 
هەموو شارێک بە ناسنامەکەیدا دەناسرێتەوە بەو ڕووداوانەى کە ڕوویانداوە لە ناو شاڕەکەدا بووە بە مێژوو! یان کوچە و کۆڵان و باڵەخانەکانى کە لە ڕووى هونەریەوە یان لە ڕووى ڕامیارى و دەسەڵاتەوە دروست بووە و گەشەى کردوە و بووە بە بەشێکى زیندوى شارەکە,
شارى سلێمانیش وەک شارەکانى ترى دونیا لەم خاسیەتە بەدەرنییە لەگەڵ ئەوەى مێژووى دروست بوونى مێژوویەکى تازەى هەیە, بەڵام ئەوەى کە دەبینرێت لە دواى ساڵەکانى نەوەتى سەدەى ڕابووردوو وە بە تایبەتى دواى ڕاپەرینى بەهارى ساڵى 1991 هەوڵێک هەیە بۆ سڕینەوە و نەهێشتنى ئەم شوێنانە ئینجا بە پلان بێ یان بە بیێ پلان, وە ساڵ بە ساڵ ئەم دیاردەیە زۆر دەبێت لە ژیر بیانوى جۆراو جۆردا لادەبڕێت و دەڕوخێندرێت, نموونەکان زۆرن بەڵام ئەوەى کە بەلاى منەوە سەرنج راکێشە و دەمەوێت ڕووناکى بخەمە سەر ( فولکەى کاوەیە )
دەتوانم بڵێم هەموو ئلیمێنتەکان لەم فولکەیەدا کۆدەبێتەوە کە ئێمە بتوانین خوێندنەوەیەکى باشى بۆ بکەین لە ڕووى مێژووى و پەیوەندى خەڵک بە شوێنەوە کارتێکردنى شوێن بە سەر خەڵکەوە, بۆ نموونە ئەم فولکەیە لە رووى هونەرى پەیکەرتاشى ئەو سەردەمە وە دروست بوونى دیزاینى نوێ بۆ شار لە ڕێگەى پەیکەر و سەوزایى و نافورەوە وە مێژووى نەتەوەى کورد کەلە کەسایەتى کاوەى ئاسنگەردا خۆى دەبینێتەوە وەک ( ئستورە ) یەکەى کوردى هەروەها شەڕى مانەوەى ناسنامە دژى ڕژێمى بەعسى فاشى لەو سەردەمەدا لە ڕێگەى هونەرەوە بۆ پاراستنى ناسنامەى میللەتى کوردى کراوە, ئەمانە هەمووى لەم فولکەیەدا کۆبۆتەوە کە زۆرتر پەیوەندى بە مێژووى شۆرشى هاوچەرخى کوردەوە هەیە.
لە ناوەڕاستى هەشتاکاندا لە نێوان ساڵى 1983 بۆ ساڵى 1984 لە گەرمەى شەڕى ئێران عیراقدا یەکێتى نیشتمانى کوردستان کە ئەو کات بە هێزترین حیزبى چەکدارى بوو دەستى کرد بە دانوسان ( مفاوەزات ) لە گەڵ ڕژێمى بەعسى فاشستدا, هاتنەوەیان بۆ ناو شار و دروست بوونى فەزایەکى دەستکردى ئازادى لەو ساڵەدا بووە هۆى دروست بوونى بیرۆکەى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر کە گوزارشت لە تێکۆشانى گەلێک دەکات دژ بە ستەم کارى بە دیهێنانى داد پەروەرى ئەمەش لەم پەیکەرەکەدا بە جوانى دەبینرا بە هەڵگرتنى چەکوشێک بە دەستى ڕاست کە گوزارشت لە هێز دەکات و لێکردنەوەى سەرى زوحاک و مارەکانى بە دەستى چەپ کە گوزارشت لە نەمانى زوڵم و زۆرى دەکات لەسەر قاعیدەیەکى بەرز کە گوزارشت لە مەشخەڵى ئاگرى نەورۆز دەکات.
لەو ساتەدا پیشنیار کرا کە پەیکەرەکەى کاوەى ئاسنگەر لە چوار ڕێیانى شەقامى ئیبراهیم پاش و شەقامى توى مەلیک و شەقامى پیرەمێرد و شەقامى زانکۆ لاى گردى جۆگە نزیک مونەزەمەى ( شەهید عوسمان ) دابنرێت و ڕەزامەندى بۆ وەرگیرا.
هونەرمەند ( کۆسرەت جمال غفور ) هەستا بە دروست کردنى پەیکەرەکە, کە ئەو کات مامۆستاى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى سلێمانى بوو بەشى پەیکەر سازى, کارەکە لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان کرا کە ئەوکات لە باڵەخانەى ناوەندی ڕەنگینى کچانى ئێستادابوو.
بە سەرپەرشتى هونەرمەند ( کۆسرەت جمال ) و بە هاوکارى چەند خوێندکارێکى پەیمانگا ئەو کارە ئەنجام درا,هەروەها کارەکە بە سپۆنسەرى کەسایەتى ناسراوى ( على بۆسکانى ) کرا کە ئەو کات یەکێک بوو لە دەوڵەمەندەکانى شار.
لە گەڵ پەردە لابردنى پەیکەرەکە لە ڕۆژى 1983/8/30 بوو بە خۆپێشاندان و ناڕەزاى دژ بە ڕژیمى فاشى کە لە ئەنجامدا بووە هۆى شەهید بوون و برینداربوونى چەندین کەس و گرتن و سجن کردنى دەیەها گەنج, لە دواى 40 ڕۆژ پەردە لەسەر لابردنى پەیکەرەکە شەوێک بە شۆفل ڕژێمى فاشستى بەعس ئەو پەیکەرەى شکاند لە ڕقى ئەو ڕۆژەکە خەڵکى شارەکە هەستان بە خۆپێشاندان و کەوتنەوەى پشێوى, ئەم ڕووداوە بوو بە مێژووى شارەکە و وەک برینێکى قوڵى لێهات و هەمیشە لە زاکیرەى خەڵکدا مایەوە بوو بە ڕەمزى شۆرشگێڕى و زیندوى شارەکە,
لە دواى ڕاپەڕینى ساڵى 1991 وە سەر لە نوێ بیرۆکەى دروست کردنى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر زیندو بووە کە لە هەمان شوێندا دروست بکرێتەوە واتا لە فولکى کاوە بە مەبەستى زیندووکردنەوەى ئەو مێژووە هێنانەوەى ئەو ڕووداوە کە ییش نۆ ساڵ ڕوویدابووهەروەها ببێت بە ناسنامەى شارەکە و شوێنێکى تایبەت بمێنێت بۆ مێژووى شارەکە.
خاوەنى بیرۆکەى دووبارە دروستکردنەوەى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر ڕێکخراوى هونەرمەندانى سۆسیالست بوو کە سەربە حیزبی سۆسیالیستى کوردستان ( حسک ) بوو,
دروست کردن و جێبەجێکردنى پەیکەرەکەیان سپیردرا بە هەردوو هونەرمەند ( لەتیف سابر )و ( سەلام ڕضا ) پەیکەرەکەیان لە ئامادەیى فرشتەى کچان دروست کرد کە ئەوکات ئاوارەى شارى کەرکوکى تیا بوو لە سەرەتاى ڕاپەریندا,
لە نەوڕۆزى ساڵى 1992/3/20 پەردە سەرلە نوێ لەسەر پەیکەرى کاوەى ئاسنگەرلابرا لە مەڕاسیمێکى گەورەدا کە من وەک شایەد حاڵیک لەوێ بووم.
لە دواى چەند ساڵیک شارەوانى سلێمانى داوا لە پەیکەر سازەکان دەکات پەیکەرەکە گۆرانکارى تیا بکەن کە گوایە رێکخراوێکى بیانى گلەیی کردوە کە ئەم پەیکەرە وەک ڕەمزى توندوپیژى وایە و بۆ میللەتى کورد جوانییە سەرى دوژمنەکانى ببڕێت و لە ناوەڕاستى شاردا پەیکەرى بۆ دروست بکەن! ؟؟ هونەرمەند ( لەتیف سابیر ) بەم داواکاریە ڕازى نابێت و جیبەجێی ناکات.
بەلام شارەوانى ئەم کارە بە هونەرمەند ( زاهیر سدیق ) دەسپێرێت و دەسکارى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر دەکات بە گۆڕینى دەستى چەپى پەیکەرەکە کە کەلەى زوحاکى هەڵگرتوە و کەلەکە لاى دەبات و چەکوشەکە دەهێڵنەوە کاوەلە شۆرشگێرێکەوە کەدەنەوە بە ئاسنگەرێکى ئاساى.
بەلام دواى ماوەیەک بە بیانوى دانانى ترافیک لایت بۆ چوار رێیانى فولکەى کاوە و گەورە کردنى شەقامەکە پەیکەرەکە و فولکەکە و نافورەکە لادەبەن و دەیسڕنەوە لەسەر زەوى وە شتێک ناێنێت بە ناوى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر بۆ دووهەم جار ئەم پەیکەرە دەڕوخێنرێت.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئەم شوێنە بۆ گرنگە؟ وە چەند گرێدراوە بە مێژووى ئەم شارە. هەروەها ئەو پەیوەندیە بە چیڕۆکى کاوەى ئاسنگەر و مێژووى شۆرشى هاوچەرخى کورد دژ بە دووژمنان و دۆزینەوەى ناسنامەى تاکى کورد لە دواى ئەو هەموو شکستانە کە بەسەرى دا هاتوە.
بەڵام گەر سەرنج بدەین ئەوە دەیبینین لە ئەنجامدا ئەو وێرانیەى کە لە سایەى دەسەڵاتى کوردیەوە توشى ئەم شارە بووە زۆر زیاترە لەوەى کە لە سەردەمى ڕژمى بەعسى فاشیدا بەسەرى هاتوە, کە ئەمە بۆمن پرسیارە کە ئایە ئەم وێرانکاریە بە مەبەستە یان پەیوەندى بە سەقەتى بەرێوەبردنى شارەکەوەیە لەم 29 ساڵى دەسەڵاتى کوەردیدا دەبینرێت.
لە ناو چوون و نەمانى زۆربەى شوێنەکانى ئەم شارە بووەتە دیاردە تەنها ئەم شوینى نەگرتۆتەوە بەڵکو زۆربەى شوینەکانى ترى شارى گرتۆتەوە کە هەمووى پەیوەندى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆى هەیە لەگەڵ مێژووى شارەکە, وەک نەمانى زۆربەى زۆرى فولکەکانى شار کە بووبوون بە ناونیشان بۆ زۆربەى زۆرى شەقامەکان بە ناوى کارە هونەریەکانە دەنرا بۆ نموونە فولکەى کانى ئاسکان فولکەى دەستاڕەکە فولکەى گۆزەکان و پەیکەرى ئاسۆى دەلاک فولکەى مامە ڕیشە و هتدد...
نەمانى بالە خانە کۆنەکان کە لە ئێستادا زۆربەیان بوون بە پارکى ئۆتۆمبێل و نەمانى هەندێ لە بازاڕەکان وەک حەوزە وشکەکە و مەیانى دارەکان و پشتگوێخستنى چەندین شوێن وەک گوزەرى دارتاشەکان و ئاسنگەرەکان و گردى مامەیارە و ماڵى ( محافیز ) هەروەها نەمانى چەندین گۆڕستان لە ناو سنورى شاردا, ئەم دیاردەیە واى کردوە شارى سلێمانى ناسنامەى خۆى لە دەست بدات و بکەوێتە بەردەم کێشەیەکى گەورەوە ئەویش نەمانى ناسنامەیە وەک شار و لاوازبوونى ئینتما و پەیوەندیەى نێوان هاوڵاتى و شاردا, دروست بوونى ئەو هەستى کە کەس خۆى بە خاوەنداریتى و بەرپرسیاریتى نەزانێت بەرامبەر بە شارەکە,
شار لە شارستانى و پێکەوە ژیانە و لێبوردن بکەوێت و ببێت بە هۆتێلێکى گەورە و بازاریکى ناشرین نەتوانێت پیشکەوێت وە لە شارێکى بەرهەم هێنەرەوە ببێتە شارێکى مشەخۆرى بی کولتور و مێژوو.
ئیتر لە جێگاى خۆى بمێنێتەوە وپێشنەکەوێت, لە ئیستادا شاڕێکە پرە لە رێکلامى فلێکسى بازرگانى ناشرین و باڵەخانەى ئەلیکۆبۆن و جامى ڕەش و عەمودى کارەباى ناشرین کە بە هیچ جۆرێک پەیوەندى نەماوە بە مێژووى شارەو, ئەم سڕینەوەیە توشى کێشەى بچڕانى مێژووى بووە؟ واتا ئێمە وەک شار نەمانتوانیوە لە سەر یەک ڕێڕەو بڕۆین و ستێب دواى ستێب ژێرخانى کولتورى و شارستانى شارەکە دەوڵەمەندکەین, بۆ نموونە لابردنى ئەو فولکانەى کە کارى پەیکەرسازى تیا بووە بوەتە هۆى دابڕانێک لە هونەرى پەیکەر سازیدا دوێنێ و ئەمڕۆ کە ئێستا بە ڕوونى دەیبینین کە چ کێشەیەکى بۆ شار دروست کردوە, هەروەها نەمانى باڵەخانە کۆنەکان کە بووەتە هۆى دروست بوونى جۆرێک لە باڵەخانەى ناتەندروست و ناشرین کە تەنها کۆپی پیسێکى خراپى کوالیتى نزمى کولتورەکانى ترە کە بۆ ئێمە نامۆیە و هەموو کاتێک بە تەنێکى نامۆ تەماشا دەکرێت وە ناتوانین بیگونجێنین لە گەڵ ئاو هەوا و کولتورەکەماندا چونکە بە شیوەى ئاساى و سروشتى خۆیدا تێنە پەڕیوە و گەشە بکات.
بۆیە لێرەدا باس لەم دیاردە دەکەم چونکە وەک پەتا بڵاو بۆتەوە هەموو شوێنەکانى گرتۆتەوە کە پەیوەندى هەیە بە مێژووى ئەم شارەوە,
زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم من بە بیرى یادەوەرى پڕسۆز و خۆشەویستى بۆ شوێنەکان ناینوسم ئەوەندەى مەبەستمە باسى شوێن وەک مێژوو وەک ناسنامە بکەم وە ئەو پەیوەندیانە کە دروست دەبێت لە نێوان خەڵک و شاردا وە ئەو کارلێکردنە کە مێژووى شوێن دەیکات بە سەر خەڵک و پیشکەوتنى شارستانى و کولتورى ئەو پەیوەندیانەى کە دروست دەبن لە نێوان کەسەکانى ناو شار لە ڕێى بوونى ئەم شوێنانەوە وەک خۆى بمێنێتەوە, هەروەها سود وەرگرتن لە هەڵەکانى پیشو وە دووبارە نەکردنەوەى ئەو هەڵانە کە دەکرێت لە ماستەر پلانى شاردا مانەوەى ئەم شوێنەوارانە وەک مێژوو بەردەوام نۆژەن کردنەوەى و پیشخستنى ئەم جیگایانە و بەکارهێنانى بۆ خزمەتگوزارى سەردەمیانە ببیتە فەزایەک بۆ یەکتر بینین و یەرکەوتنى خەڵک و دروست بوونى دیالۆگ کە دەبێتە هێزێک بۆ پێشەوە چوونى ڕەوڕەوەى شارستانى و دروست بوونى ژیانێکى تەندروست و پێکەوە ژیان و لێبوردەیى.
بۆیە من لێرەوە پێشنیار دەکەم بە سەرلە نوی دروست کردنەوەى فولکەى کاوە بە شێوازێکى تازە و مۆدێرن کە بگونچێت لەگەل ئیستاى ئێمەدا و زیندووکردنەوەى ئەو مێژووە و هەڵگرتنەوەى گشت زانیاریەکان و دیکۆمێنت کردنى هەموو بەڵگەکان و تۆمار کردنى ناوى هەموو ئەو کەسانەى کە بەشداربوون لە دروست کردنى ئەم مێژووە لە سەرتاى دروست کردنى بۆ دووبارە دروستکردنەوەى و بۆ سێ بارە دروست کردنەوەى ئەم فولکەیە و ئەم پەیکەرە لەگەڵ ئەو کەسانەى کە لەو ڕۆژەدا شەهید بوون و زیندانى کراون ئەشکەندە دراون, ببێت بە بەشیکى زیندو لە کولتورى شارەکەدا و لە ئەرشیفى شاردا هەڵبگیرێت و نمایش بکرێت. زامۆئا داراغا 2019
سوپاس و پێزانینم بۆ ئەم بەرێزانەى کە دەوڵەمەندیان کردم بە زانیارى و فۆتۆکان :- شوان کەمال , خالید رسوڵ , پەیچى گەرەکى عەقارى , مەریوان قەفتان , دلشاد بەرزنجى , لەتیف سابر
تێبینى:-
لە ئێستادا فولکەى کاوە بریتیە لە چوار ڕێیانێکى ناشرین کە پڕە لە کامێراى چاودێر و چەند ترافیک لایتێکى ناشرین, دووکەڵى ئۆتۆمبێل دەتخنکێنێت.
لە بەشێکى چیرۆکەکەدا باس لەوە دەکرێت کە شارەوانى داوا لە پەیکەر تاشەکە دەکات پەیکەرەکە بگۆرێت؟ کە ئەمە بۆمن باشترین بەڵگەیە کە ئەم شارە بە چ عەقڵیەتێکەوە بەڕێوەدەبرێت نەزانین گەورەى هەموومانە.
لە چەند ساڵێکدا هەموو پەیکەرەکانى شار لابران و شکێندرا بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە ئەى دەسەڵاتى کولتورى شار و ڕۆشنبیرەکان و هونەرمەندەکان لە کوێ بوون چیان دەکرد بە هەمان شێوەى ئێستا بێ دەنگى و پاسیڤیان هەڵبژاردووە لە ئێستادا شار پڕبووە لە پەیکەرى ناشرین و کوالیتى نزم ئەوان هەر بێ دەنگن ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم دەسەڵاتە کولتوریە هیچ نییە بێجگە لە مشەخۆرێک کە خەمى لە پۆست و مووجەکەیدایە.
ئەم مێژووو ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ڕۆژێک دێت بە هەمان شێوە لە شەو و ڕۆژێکدا هەموو کارە هونەریەکانى شار لادەبەن و بچینەوە خاڵى سفر کە هونەر و کولتور هیچ بەهایەکى نییە لەم شارەدا .

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...