هونەرى سواڵ و ساقە ... سپۆنسەرى کارى هونەرى بە نموونە

یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانى ناو دونیاى هونەر کێشەى ( سپۆنسەرة ) 
بۆ ئەنجام دانى هەر پرۆژەیەکى هونەرى پێوستمان بە بودچە و پارەیە, وە ئەم بڕە پارەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر ناونیشانەکەى دەگۆردرێت هەر لە سپۆنسەرەوە بۆ هاوکارى و هاریکارى و فەند و ئەرک و..... چەندین نازناوى تر بە پێى ڕؤشنبیرى و سیاسەتى کولتورى ئەو ولاتە, ئەوەى کە گرنگە لێرەدا ڕوناکى بخینە سەر کێ خاوەن سپۆنسەرە ؟؟ وە جۆن سپۆنسەرى کار و پڕۆژەى هونەرى دەکرێت لە هەرێمى کوردستان؟؟ ئەوەى ئاشکرا و دیارە لە هەموو دونیادا دەوڵەت لە پشکى شێرى بەردەکەوێت لە سپۆنسەرکردنى پرۆژە و کارى هونەرى وە لە دواى دەوڵەت کۆمپانیا گەورەکان دێت ئینجا رێکخراوى ناحکومى و حیزب و کەسایەتى 
سیاسى وڕامیارى بەناوبانگ لە ناو کۆمەڵگەدا,

لێرەوە دێینە ناو ناوەڕۆکى بابەتەکەوە کە ئایا سپۆنسەرکردنى کار و پڕۆژەى هونەرى لە چ ئاستێکدایە ؟؟ وە بە چ سیستمێک بەڕێوە دەجێت ؟؟ تا چەند توانیوێتى لە گەڵ سیاسەتى کولتورى هەرێمەکەدا بگونجێت ؟؟ تا چەند ئەم پارانە لە کار و پڕۆژەى هونەریدا سرفکراون و تەنها بۆ مەبەستى هونەر و کولتور بووە , تا چەند ڕەچاوى کوالیتى و تازەگەرى و داهێنان کراوە لە بەخشینى سپۆنسەر , 
ئەوەى کە هەموومان دەیزانین و وەهەموومان کۆین لە سەرى ئەوەیە کە نە دامو دەزگاکانى دەوڵەت و نە کۆمپانیا گەورەکانى ولات و نە ڕێکخراوە ناحکومیەکان و نە حیزب و نە کەسایەتیە سیاسیەکان و نە کەسایەتیە دەوڵەمەندەکان باوەڕیان بە نە کولتورە و نەهونەر و نە ڕؤشنبیرى, بە پێجەوانەوە لە زۆربەى کاتدا دژایەتى دەکەن و بە ئاشکرا بەرەنگارى دەبنەوە, وە بە هیچى دانانێن, وەک شتێکى لاوەکى تەماشاى دەکەن 
ئەوەى کە بە هونەرى دادەنێن ئەوەیە کە لە باوک و باپیر وبنەماڵە و خێڵ و ناوجەگەرى تەسک بۆیان ماوەتەوە و سەدان ساڵە دەی جونەوە, کولتوریان لێ بووە بە کەلەپور هونەرەکەیان لە ( دەستهارێک و سەماوەرێکدا دەبیننەوە کە لە بنەڕەتدا هى ئەم نییە و خۆى دروستى نەکردووە, ڕۆشنبیرەکەشیان شەوانە لە گەعدەى پیاوانەدا بە دەم گۆرانیەکى کۆچەریەوە تەقە دەکات بە ئاسماندا , 
بەلام لە گەڵ پێشکەوتنى دونیا و گۆرانکارى لە سەر ئاستى جیهاندا ئەم عەقڵیەتە خێلەکیە و کۆچەرییە پێوستى بەوەیە کە خۆى بگونجێنێت لە سەر ئەو گۆرانکاریانەى کە لەودیو سنورەکانەوە دەبینرێت , وە بۆ مانەوەى خۆى لە دەسەلاتدا پێوستى بە مۆدێرنکردنى ڕووکەشى خۆیەتى بە کەڤەرێکى ساختە وەک چێندەر فیمنست و ژینگەپارێزى و هونەر و کولتور کەئەمانە وەک( مۆدێل ) دەبینرێت نەک وەک مۆدێرن , وەیەکێک لەو مۆدێلەى کە باوە لە ئێستادا سپۆنسەرکردنى کارى هونەریە و کە وەک مۆدێلێکى مامەڵەى لە گەڵ دەکرێت یان وەک بابەتێکى سیاسى یان وەک مەرامێکى ڕامیارى تەماشاى لێوە دەکرێت یان وەک گەوچاندن و بەلاڕێدا بردنى بابەتە هەستەوەرەکانى ناو کۆمەڵگە, 
بە باوەڕى من ئەو مامەڵەیەى نێوان خاوەن سپۆنسەر و کارە هونەریەکە مامەڵەیەکى ناشرینى ( سواڵ و ساقەى ) لە نێوان هەردووکیاندا کە هەندێ جار دەکەوێتە نزمترین ئاست کە تەنها بە مەبەستى سوککردن و بە بچوک کردنەوەى بەرامبەر کۆتاى دێت وە نموونەشمان زۆرە کە ڕۆژانە بەرى دەکەوین یان دەیبیستین کە چۆن بۆ دابینکردنى سپۆنسەر بۆ کارێکى هونەرى یان پڕۆژەیەکى هونەرى چەند سوکایەتى دەکرێت بە هونەرمەندەکان و گروپەکان لەلایەن کەسە سیاسیەکان و کەسە بازرگانەکان و کەسانى خاوەن پۆست لە دامودەزگاکانى حکومەت و حیزبدا بە جۆرێک هەندێ جار دەکەوێتە مامەڵە کردن لەسەر کرین و قرۆشتنى هونەرمەندەکە وەک خودى خۆى یان وەک جەستە یان وەک فرۆشتنى بیروباوەڕ, لە زۆربەى حاڵەتدا سپۆنسەرکردنى کار و پڕۆژى هونەر لە بنەڕەتدا مەرامێکى لە پشتە کە بەکاردەهێنرێت وەک چەکێک دژى هونەر و کولتور واتا پارەیەکى زۆر تەرخان دەکرێت لە شتى ( هیچ و پوچدا) تەنها لە بۆ بابەتێکى کاتى و لاوەکى کە هیچ پەیوەندى بە هونەرەوە نیە نە لە دوور یان لە نزیک , وە لە ناو سیستمێکدا کە وەک خۆیان دانى پیادەنێت 
( گەندەڵى بووە بە کولتور ) لەم حالەتەدا باشترین کاسپیە بۆ هەندێ فاشل و هەلپەرست کە بارگاوى بوون بە هونەرەوە وە بە خۆیان دەڵێن هونەرمەند وە پیشەى موشەخۆریان وەرگرتوە لەسەر هونەر و کولتور ئەم رێگەیان دۆزیوەتەوە بۆ پەیداکردنى پارە لە ڕێى گەندەڵیەوە بە دابین کردنى پڕۆژەى وەهمى و کارى قێزەوەند لە ژێر ناوى کارى هونەریدا, دابین کردنى پارە لە رێگەى سپۆنسەرەوە و خواردنى پارەکە یان هەمووپارەکە یان بەشێکى گەورەى پارەکە, بۆ نموونە مۆزەخانەى هونەرى هاوچەرخ کە لە سەرەتاوە بە گەندەڵى دروست کرا وە نۆژەنکردنەوەى ( گەلەرى سەردەم بە پارەیەکى خەیاڵى وە دواى ماوەیەک هەستان بە داخستنى گەلەریەکە ) وە هەزاران نموونەى ترى لەو جۆرە کە خۆى دەبینێتەوە لەو 20 ملیارەى کە دانرا بۆ سلێمانى . 
وەک چۆن لە سەرەتاوە وتمان کە ئەمانە بە هیچ جۆرێک باوەڕیان بە هونەر و کولتور و ڕۆشنبیرى نییە ئەى ( چۆن دێن سپۆنسەرى هونەر و کولتور دەکەن )
لێرەوە دەچینەوە خاڵى ( سفر ) ........... وە هەمیشە لە خاڵى سفردا دەمێنینەوە
بۆیە بۆمان دەردەکەوێت ئەوەى هەیە لە کار و پڕۆژەى هونەرى زۆربەى
( هونەرى سواڵ و ساقە) لە نزمى کوالیتى, بەکارهێنانى هەرزانترین کەرەسەى دروستکردن و نەبونى کەتەلۆک و دەلیل و چاپى هەرزان و شەرمنانە بە هۆى کەمى بودجە و پارەوە , بلاوبوونەوەى چەندین پەیکەرى ئاست نزم و کوالیتى خراپ لە سەر شەقامەکانى شار, زیندوترین نموونە نمونەى پڕۆژەى پەیکەرى شارە کە دەبینرێت بە چ کوالیتیەکى خراپ دروست کراوە .
بەلام ئەوەى کە زەرەرى گەورەى بەرکەوتووە ئەو پڕۆژە جدییانەن کە هەندێ لە هونەرمەندەکان ئەنجام دەدرێت وە هپچ سپۆنسەرێیەک ناکرێت و بگرە دژایەتییەکى بەردەوامى دەکرێت بۆ لێدانى ئەم جۆرە پڕۆژانە بە هەردوو شێوەکە مادە و مەعنەوى,کە ئەمە وادەکات نەتوانین بەرێک لە سەر بەردێک دانێن 
ئەوەى دووبارە دەبێتەوە وە بەردەوامى هەیە و سپۆنسەرى هەمیشە بۆ دەکرێت و پارەى بۆ ڕژاوە بەبێ سنور ئەو هونەرە ( کیچەیە ) کە لە پڕۆژەکانیان و چالاکیەکانیان دەبینرێن ڕۆژانە هۆڵەکانیان پڕکردووە لە هونەرى ساختە و لە بەرهەمى هونەرمەندى ساخە کە لە خزمەتى دەسەلاتدایە بۆ بە بەردەوامى دانى لە مانەوەى لە لوتکەى دەسەلات هونەرێکە تەنها بۆ جوانکردنى ڕوخسارى دەسەلاتە و هیچى تر
 . زامۆئا داراغا 2019

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...