په‌یكه‌رسازه‌ به‌تواناكانى كورد چى له‌باره‌ى په‌یكه‌ره‌ خراپه‌كانى باشوورى كوردستان ده‌ڵێن

په‌یكه‌رسازه‌ به‌تواناكانى كورد چى له‌باره‌ى په‌یكه‌ره‌ خراپه‌كانى باشوورى كوردستان ده‌ڵێن
ڕاپۆرت: ڕه‌وه‌ند محه‌مه‌د جه‌میل
rmjzandi@yahoo.com
* هونه‌رى په‌یكه‌رسازى له‌سه‌ر بنه‌ماى سێ دوورى بنیاد ده‌نرێت و لقێكى هونه‌رى بینین و هونه‌رى شێوه‌كارییه‌، ئه‌و مه‌تێریه‌ڵانه‌شى كه‌ په‌یكه‌ره‌كانى پێدروستده‌كرێت چیمه‌نتۆ و بۆڕه‌ك و به‌رد و تاشه‌به‌رد و سیڕامیك و دار و كانزاكان و مۆم و هتد. مێژووى په‌یكه‌رسازى بۆ هه‌زاران ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌كۆندا بۆ په‌رستن و پیرۆزڕاگرتن و شكۆداركردنى كه‌س و شته‌كان دروستده‌كرا، به‌ڵام پاش ڕێنیسانس و تاده‌گاته‌ ئه‌مڕۆى سه‌رده‌مى مۆدێرنه‌ و هونه‌رى هاوچه‌رخ، هونه‌رى په‌یكه‌رسازى چه‌مكێكى هونه‌رى پێبه‌خشرا و ده‌ربازبوو له‌و چه‌مكه‌ پیشه‌گه‌رییه‌ى كه‌ پێشتر پێى ناسرابوو.
بۆیه‌ ئێستا له‌م سه‌رده‌مه‌ هونه‌رمه‌ند یان هونه‌ره‌كان له‌ڕووى ده‌ربڕین و به‌كارهێنانى مه‌تێریه‌ڵ و سه‌رجه‌م ڕووه‌كانى دیكه‌ش له‌وپه‌ڕى ئازادیان دانه‌! به‌مه‌رجێك پابه‌ند و به‌ستراوه‌بن به‌و تووخم و به‌هایه‌ هونه‌ریانه‌ى كه‌ تایبه‌تن به‌
خوودى هونه‌ره‌كه‌.

كاتێكیش كه‌ باس له‌ هونه‌رى په‌یكه‌رسازى ده‌كه‌یین له‌ باشوورى كوردستان، ئه‌وا هه‌ست به‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌ ده‌كه‌یین كه‌ ده‌رهه‌ق به‌م هونه‌ره‌وه‌ ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى كاتێك هونه‌رمه‌ند ئاستێكى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى به‌رز و ته‌كنیككارى باشى نه‌بێت، ناتوانێت له‌م سه‌رده‌مه‌ پڕ له‌ زانیارییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌ره‌دا بكات و هونه‌رێكى نایاب یان داهێنانێكى باش به‌رهه‌م بێنێت.. . سه‌ره‌ڕاى بوونى كولێژ و په‌یمانگاى هونه‌رى له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و بوونى

ڕێژه‌یه‌كى زۆرى ده‌رچووى لقى په‌یكه‌رسازى، به‌ڵام تائێستا زۆر به‌ده‌گمه‌ن توانراوه‌ هونه‌رێكى باش پێشكه‌ش بكرێت! له‌مباره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رساز (مه‌ریوان قاره‌مانى) گوتى: به‌ڕاى من له‌ هه‌موو دونیا كۆلێژ و په‌یمانگاى هونه‌ر، ده‌روازه‌ى هونه‌ر و فێربوونه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر میكانیزمێكى گونجاو نه‌بێت بۆ ئاشناكردن و فێربوون، ئه‌وا ئه‌سته‌مه‌ له‌و ده‌روازه‌یه‌ ده‌رچیین.. من چه‌ند جارێك كه‌ به‌سه‌ردان گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ نیشتمان، سه‌ردانى كۆلێژى هونه‌رم كردووه‌، له‌سه‌ردانه‌كانمدا هه‌ستم به‌وه‌ كردووه‌ كۆلێژ وه‌ك ده‌زگایه‌كى هونه‌رى كه‌موكوڕى زۆرى هه‌یه‌! كه‌ گرینگترینیان نه‌بوونى مامۆستاى خاوه‌ن ئه‌زموونه‌ له‌ بوارى په‌یكه‌رسازى، له‌به‌رئه‌وه‌ى خوێندكار له‌كاتى داڕشتنى كارێكى هونه‌رى پێویستى به‌ كاركردنى مامۆستا هه‌یه‌. له‌ لقى په‌یكه‌رسازى له‌ په‌یمانگا و كۆلێژى هونه‌ر خوێندكار هه‌رله‌ قۆناغى یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ته‌واوكردنى خوێندن پێویستى به‌ ڕێنماییكردنى مامۆستا هه‌یه‌.. هه‌ربۆیه‌ زۆر گوێمان له‌ گله‌یى و گازانده‌ى خوێندكاران ده‌بێت له‌دواى به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆى ده‌بینێته‌وه‌ هیچى واى پێنییه‌! كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى زۆر گرینگ نه‌بوونى كه‌ره‌سته‌ى پێویسته‌ له‌دواى ته‌واوكردنى قۆناغه‌كانى هونه‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌یكه‌رسازى جیاوازه‌ له‌ وێنه‌كێشان، په‌یكه‌رسازى پێویستى به‌شوێنى كاركردن هه‌یه‌، جگه‌ له‌مه‌ش پێویستى به‌ قووڕ و به‌رد و دار كۆمه‌ڵێك شتیدیكه‌ش هه‌یه‌.. بێگومان هه‌موو كه‌سێك بۆى ناڕه‌خسێت بتوانێت له‌ ماڵه‌وه‌ كارى په‌یكه‌رسازى بكات. كێشه‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ له‌لام زۆر گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یكه‌رسازه‌كان كار بۆ جوانى بابه‌ت ناكه‌ن، زیاتر خوولیاى یادكردنى كه‌سه‌كانن، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت زۆر ئه‌كادیمى بن.

* كه‌م ئه‌زموونى له‌كاركردن و نه‌بوونى ده‌زگا و هۆڵى تایبه‌ت بۆ كاركردن و درك نه‌كردن و نه‌ناسیینى تێڕووانینێكى ئێستاتیكى، هه‌موویان فاكته‌رن بۆ ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌توانێت كارێكى هونه‌رى پێشكه‌ش به‌ بینه‌ربكات. به‌ڵام جگه‌ له‌مانه‌ش كاتێك په‌یكه‌رێك بۆ شوێنێك ئاماده‌ ده‌كرێت، پێویسته‌ هاوسه‌نگییه‌ك له‌ڕووى شوێن و خوودى په‌یكه‌ر و واتاى په‌یكه‌ره‌كه‌ هه‌بێت، كه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ داده‌نرێت.. بۆیه‌ په‌یكه‌ر و شوێن ته‌واوكه‌رى یه‌كترین و به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كه‌یه‌كى ئێستاتیكى ده‌به‌خشن! سه‌باره‌ت به‌مه‌ش هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رساز (ئازاد كه‌ریم) گوتى: پێموایه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندیێكى به‌هێز هه‌بێت له‌نێوان بابه‌ت و مێژووى شوێن، بۆنموونه‌ تێكشكانى سووپاى عێراق له‌ساڵى 1991 له‌ ناوچه‌ى كۆڕێى شارى هه‌ولێر، مێژووى شوێن فه‌زاى بۆ بابه‌ت دروستكرد، به‌ڵام ده‌شبێت بابه‌ت فه‌زا و مێژوو بۆ شوێن دروستبكات (یۆڕكشێر سكلۆپچه‌ر پاڕك ـ Yorkshire Sculpture Park) كه‌ پاڕكێكى به‌ناوبانگى جیهانه‌ له‌ شارى لیدزى باكورى به‌ریتانیا، ساڵانه‌ ژماره‌ى په‌یكه‌ره‌كانى ئه‌و پاڕكه‌ له‌ زیادبوون دایه‌! دواى كڕینیان له‌ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانى جیهانییه‌وه‌ له‌لایان به‌ڕێوه‌به‌ریه‌تى پاڕكه‌كه‌وه‌، به‌مجۆره‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كان مێژوو بۆ شوێن دروست ده‌كه‌ن، نموونه‌مان زۆره‌.. باباسى نموونه‌یه‌ك له‌ شارى هه‌ولێر بكه‌یین، شارۆچكه‌ى (داون تاون)، كه‌ ده‌كرا چه‌ند په‌یكه‌رێك بكرێت كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌ مێژووى شوێنه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، وه‌ك باخچه‌ى مام ئیسماعیل یان حه‌ساره‌كه‌ى مامۆستا ئیسكه‌نده‌ر عوسمان، یان شوێنى بن له‌یلوكانى جه‌ژنه‌كان، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچیان نه‌كران.. بابه‌تى هونه‌رى كه‌ ببێت به‌ هه‌ڵگرى شوناسنامه‌ى مێژوویى شوێن، به‌ڵام (داون تاون) له‌ڕێگاى هه‌ڵبژاردنى بابه‌تى پڕۆژه‌كه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كى زۆرى په‌یكه‌رى ئافره‌ته‌ ناسراوه‌كانى كورده‌، كه‌توانرا فه‌زا و مێژوو به‌ شێوه‌یه‌كى میتافۆرى بۆ ئه‌و شوێنه‌ دروستبكه‌ن، من لێره‌دا باسى ته‌كنیك و ئاستى كاره‌كانم نه‌كردووه‌ كه‌ باشن یان خراپن، به‌ڵام مه‌به‌ستمه‌ بڵێم كه‌ چۆن ده‌توانرێت ئاماده‌باشى بكرێت بۆ پڕۆژه‌یه‌كى په‌یكه‌رى سه‌ركه‌وتوو، كه‌ هه‌ڵگرى هه‌موو به‌ها جوانه‌كان بێت.
* چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ باشوورى كوردستان هه‌ندێك له‌ هونه‌رمه‌ندانى په‌یكه‌رساز مه‌تێریه‌ڵى كانزاى جۆراوجۆر به‌كاردێنن بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان، به‌ڵام پاش ته‌واوكردنى كاره‌كانیان ئیتر به‌هۆى كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕى ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ى بینه‌رى كاره‌كانیان، بێگومان جه‌ماوه‌رى هونه‌ردۆست و ڕه‌خنه‌گران و بینه‌رانیش به‌شێوه‌یه‌كى گشتى مافى خۆیانه‌ به‌وه‌ ڕازى نه‌بن كه‌ كارێكى هونه‌رى خراپیان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان بخرێته‌ به‌رچاو، له‌مباره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رساز (شوان كه‌مال) گوتى: پێموایه‌ باسكردنى هونه‌رى په‌یكه‌رسازى به‌ته‌نیا و بێ قسه‌كردن له‌سه‌ر بارودۆخى هونه‌ر به‌گشتى و قه‌یرانه‌ ئابوورى و سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌مێك ئاسان نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌موویان په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.. بۆیه‌ هونه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ و ئاوێنه‌ى بارودۆخه‌كه‌یه‌.. جا هونه‌رى په‌یكه‌رسازیش به‌ده‌ر نییه‌ له‌مانه‌، به‌ڵام زیاتر پشكى شێرى به‌رئه‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندى و گرینگى په‌یكه‌رسازییه‌، چونكه‌ په‌یكه‌ر زیاتر هیلاكى و ئیشى ده‌وێت به‌به‌راورد به‌ هونه‌ره‌كانى دیكه‌، دواییش زۆر له‌به‌رچاو ده‌بێت بۆ نموونه‌ له‌ پاڕك و شوێنه‌ گشتییه‌كان نماییش ده‌كرێت و ته‌مه‌نیشى درێژتره‌ به‌هۆى ئه‌و مه‌تێریه‌ڵانه‌ى كه‌ لێى دروستده‌كرێت یان ئه‌ڕێژرێت.
بۆیه‌ هونه‌رى په‌یكه‌رسازى پێویستى به‌ لیژنه‌ى ده‌ستوورى و جێبه‌جێكاریش هه‌یه‌، واته‌ داموده‌زگاى هونه‌رى تایبه‌ت به‌ په‌یكه‌رسازى، بۆنموونه‌ له‌ شاره‌وانى ده‌زگا و لیژنه‌ و خه‌ڵكى پسپۆڕى بواره‌كه‌ هه‌بێت، بۆ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن و كۆمه‌ڵێك شتى دیكه‌، بۆ جێبه‌جێكردنى كاره‌كه‌ش پێویستمان به‌ په‌یكه‌رسازى باش و شاره‌زا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كارگه‌ و ده‌زگاى كاركردنى تایبه‌ت به‌ دروستكردنى په‌یكه‌ر و داڕشتنى مه‌تێریه‌ڵه‌كانى بۆ نموونه‌ وه‌كو بڕۆنز. له‌م شتانه‌ى كه‌ باسمكرد زۆرى لاى خۆمان نییه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زۆر لاوازه‌، لاى خۆمان په‌یكه‌رسازى باشمان هه‌یه‌، ده‌توانن په‌یكه‌رى جوان دروستبكه‌ن، به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردن سه‌یرده‌كه‌ى شوێنێكى تایبه‌ت به‌ داڕشتن و دروستكردنى په‌یكه‌ر له‌ میتاڵ و شتى وامان نییه‌، مه‌جبوور په‌یكه‌رسازه‌كه‌ خۆى ئه‌ركى داڕشتن و دانانه‌كه‌ى ئه‌كات، له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ ئه‌نجامى به‌رهه‌مه‌كه‌یه‌تى له‌ كوردستان. بۆیه‌ ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كابرایه‌ك شاره‌زایى له‌ دروستكردنى شیرینى و هه‌ویركارى هه‌بێت، به‌ڵام فڕنى نه‌بێت و هه‌ربه‌ خاوى پێشكه‌شى بكات.
من چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هاوكارى كاك هه‌ڵگورد جوندیانى له‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى هه‌وڵماندا پڕۆژه‌یه‌كى كارگه‌ى داڕشتنى بڕۆنز و كانزاكانى تایبه‌ت به‌ په‌یكه‌رسازى دروست بكه‌م له‌ هه‌ولێر، كه‌ ده‌متوانى سوود به‌هه‌موو په‌یكه‌رسازانى كوردستان بگه‌یێنم و به‌مه‌ش هونه‌رى په‌یكه‌رسازى ده‌بووژایه‌وه‌! خۆم بێجگه‌ له‌ ئه‌زموونى هونه‌رى 25 ساڵ، ئه‌زموون و شاره‌زاییم له‌م بواره‌ هه‌یه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و سوید و كارم لێكردووه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى و زانستى، به‌ڵام هیچ پشتگیرییه‌كم له‌لایه‌ن وه‌زیرى ڕۆشنبیرى و حكومه‌ته‌وه‌ نه‌كرا، ئیتر ساردبوومه‌وه‌ و وازم لێهێنا، به‌داخه‌وه‌ له‌ كوردستان عه‌قڵى بنیادنان و دروستكردن و پڕۆژه‌ى مێژوویى و هونه‌رى و شتى وا نییه‌، زیاتر بیر له‌ پڕۆژه‌ى بازرگانى و قازانجى خێرا و زوو ده‌وڵه‌مه‌ند بوون ده‌كرێته‌وه‌.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خوازیاربن هونه‌رى په‌یكه‌رسازى له‌ كوردستان پێشبكه‌وێت، ده‌بێت بیر له‌ كارگه‌ و پڕۆژه‌ى دروستكردنى په‌یكه‌ر و بڕۆنز بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گینا ئه‌م گرفته‌ هه‌روا ده‌مینێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هونه‌ر به‌داموده‌زگایى بكرێت و لیژنه‌ و خه‌ڵكى پسپۆڕ هه‌بێت له‌ شاره‌وانى و وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى، كه‌ تواناى بڕیاردانیان هه‌بێت له‌ كوێ په‌یكه‌ر دروستبكرێ و له‌كوێ دابنرێ و باس له‌چى بكا و ئینجا له‌هه‌مووى گرینگتر كێ و چ په‌یكه‌رسازێك دروستى بكات، واته‌ هه‌ر كارێك ڕاى لیژنه‌ و خه‌ڵكى پسپۆڕى له‌سه‌ر نه‌بێت ڕێى پێنه‌درێت دروستبكرێت، یان دابنرێت له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان.
* مێژوو و هۆكارى به‌كارهێنانى مه‌تێریه‌ڵى وه‌ك كانزا به‌هۆى كاریگه‌رى چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌ له‌نێو هونه‌رى په‌یكه‌رسازى، له‌م باره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند (مه‌ریوان قاره‌مانى) گوتى: سه‌رهه‌ڵدانى كارى هونه‌رى له‌سه‌ر ئاسن و پلێت زیاتر له‌دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌ده‌ركه‌وت، به‌ته‌واوى له‌ ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، زیاتر كاره‌كان له‌سه‌ر ئاسنى ژه‌نگاوى ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا زیاتر كار له‌سه‌ر ئاسنى ڕووكه‌شكراو ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى خوولیاى بینه‌ر زیاتر به‌ره‌و مۆدێرنى فه‌له‌كى ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش له‌ ڕه‌نگى بریقه‌دارى به‌ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت بڕۆنز كه‌ كاریگه‌رى خۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر چاوى هونه‌رمه‌ند و بینه‌رى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستا.
* كاتێك كارى هونه‌رى به‌ مه‌تێریه‌ڵێكى جیاواز و نامۆ له‌نێو كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت، پێویست به‌وه‌ ده‌كات هونه‌رمه‌ند له‌ ڕووى پیشه‌گه‌رى و ڕۆشنبیرییه‌وه‌ ئاگاییه‌كى ته‌واوى هه‌بێت له‌سه‌ر به‌كارهێنانى ئه‌و مه‌تێریه‌ڵه‌، بۆیه‌ به‌كارهێنانى پلێت و ئاسن به‌شێویه‌ك كه‌ هونه‌رمه‌ند توانا و ئاماده‌ییه‌كى باشى نه‌بێت، ئه‌وا ناشیرنكردنى هونه‌ره‌كه‌ و بێتوانایى خوودى هونه‌رمه‌نده‌كه‌ له‌ به‌كارهێنانى ئه‌و مه‌تێریه‌ڵانه‌ ده‌خاته‌ به‌ردیدى بینه‌ران و ڕه‌خنه‌گران، بۆ ئه‌مه‌ش هونه‌رمه‌ند (ئازاد كه‌ریم) گوتى: بێگومان تێنه‌گه‌ییشتن له‌ زمانى مه‌تێریه‌ڵ ده‌بێته‌ هۆى نه‌زانینى ته‌وزیفكردن و به‌رجه‌سته‌كردنى بیرۆكه‌ى پڕۆژه‌كه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ كردارێكى پێچه‌وانه‌یى دژبه‌ بنه‌ماكانى جوانى كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌، ده‌توانم بڵێم بۆ ئه‌مه‌ نموونه‌مان زۆره‌ له‌ كوردستان، بۆنموونه‌ له‌م دواییانه‌دا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌رى كه‌ من پێناسه‌ى (په‌یكه‌رى پۆسته‌ر)یان بۆ ده‌كه‌م، له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدارا، به‌ مه‌تێریه‌ڵى جیاوازى تێكه‌ڵى وه‌ك ئاسن و پلێت به‌ سپۆنسه‌رى كه‌رتى تایبه‌ت، كه‌ خوودى بابه‌ته‌كانیش تایبه‌تن به‌ جۆرى بزنسى كه‌رته‌كه‌ و ڕێكلامكردن. من لێره‌دا باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م ئایا ده‌كرێت ڕێگا بدرێت به‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ كه‌ پانتاییه‌كى گه‌وره‌ داگیربكات، له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى باڵه‌خانه‌كه‌دا، ببێته‌ هۆى شێواندنى بینینى بینه‌ر و شێواندنى هه‌ست و سیماى ناوشار! به‌ڕاى من ئه‌م جۆره‌ پڕۆژانه‌ ته‌نیا بۆ ماوه‌ى یه‌ك ڕۆژ له‌سه‌ر پشتى بارهه‌ڵگرێك نماییش بكرێت له‌ فێستیڤاڵێكدا یان له‌ ناوه‌وه‌ى ئه‌و باڵه‌خانانه‌ دابنرێن وه‌ك كه‌ سپۆنسه‌رى پڕۆژه‌كه‌ن، بۆیه‌ من پێموایه‌ بڕیاردان له‌سه‌ر دانانى هه‌رپڕۆژه‌یه‌كى ئاست نزم و نه‌گونجاو له‌ڕووى مه‌تێریه‌ڵ و بابه‌ت له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كانى ناوشار، ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نه‌بوونى كولتوورى هونه‌رییه‌ له‌ داموده‌زگا بڕیارده‌ره‌كانى ئه‌م شاره‌، بۆیه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گیرێت ده‌بێت ڕه‌خنه‌ له‌ داموده‌زگاكان بگیرێت پێش ڕه‌خنه‌گرتن له‌ خوودى هونه‌رمه‌ند یاخۆد په‌یكه‌رساز.
* له‌م دواییانه‌ كارێك یان چه‌ند كارێك له‌سه‌ر پلێت و كانزا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دروستكران، به‌تایبه‌تیش له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان دروستكرا.. بێگومان ئێوه‌ش وه‌ك هونه‌رمه‌ند و په‌یكه‌رسازێكى پڕۆفیشناڵ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاره‌كه‌تان بینى و هه‌موو ئه‌م كارانه‌شتان بینوه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى ڕابردوو به‌كانزا دروستكراون، ڕاتان له‌سه‌ر ئه‌م كارانه‌ چییه‌، ئه‌م پرسیاره‌مان ئاراسته‌ى هونه‌رمه‌ند (مه‌ریوان قاره‌مانى) كرد و گوتى: وه‌ك كانزا ئه‌وه‌ى بینیم له‌م ماوه‌یه‌ى دوایى، هه‌ندێ كارى ئاست خراپى ئاسن بوو، به‌ڕاستى ئاسن و پۆڵا دوو مه‌تێریه‌ڵى ناشیرنن! ئه‌گه‌ر بابه‌تێكى گونجاو نه‌بێت و شاره‌زاییه‌كى باش نه‌بێت له‌ له‌حیمكردن، هه‌ڵه‌به‌ته‌ شتێكى ناشیرن ده‌رده‌چێت. نامه‌وێت باسى كه‌سه‌كان بكه‌م، به‌ڵام له‌م ڕۆژانه‌دا كارێكى به‌ناو هونه‌ریم بینى له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه‌ له‌ هه‌ولێر كرابوو، به‌پلێت و زنجیر.. به‌ڕاستى له‌ڕووى داڕشتن و كوالیتى دووره‌ له‌ هه‌موو كاره‌ هونه‌رییه‌كان، ئه‌مه‌ وه‌ك بانگه‌واز ناوى ده‌به‌م.. له‌به‌رئه‌وه‌ى كاتێك كارێكى هونه‌رى له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك ده‌كرێت پێویسته‌ كارێكى ئه‌زه‌لى بۆ بكرێت، تاماوه‌ باسبكرێت! لێره‌ له‌ ئیتالیا په‌یكه‌رى شه‌هیدان یان پارتیزانه‌كان باسى دواى سه‌رده‌مى فاشیزم ده‌كه‌م.. هه‌رحه‌زده‌كه‌ى له‌ژێرى بخه‌وى! بۆیه‌ سه‌باره‌ت به‌م كاره‌ و زۆرینه‌ى ئه‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ى كه‌ ئه‌نجام ده‌درێن شاره‌وانى لێیان به‌رپرسه‌، من پرسیار له‌ شاره‌وانى ده‌كه‌م چۆن بانگه‌شه‌ بۆ پێشبڕكێى ئازادانه‌ ناكات بۆ ئه‌و كارانه‌ى كه‌ له‌شه‌قام و گۆڕه‌پان و شوێنه‌ گشتییه‌كان داده‌نرێن.. له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌دواجار ئه‌و شوێنانه‌ موڵكى بینه‌رن..

بایۆگرافیاى هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رساز (ئازاد كه‌ریم)
ـ له‌ دایكبووى ساڵى 1966ى شارى هه‌ولێره‌.
ـ له‌ساڵى 1991 بڕوانامه‌ى بكالۆریۆسى له‌ ئه‌كادیمیاى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى زانكۆى به‌غدا وه‌رگرتووه‌.
ـ له‌ساڵى 2011 به‌پله‌ى نایاب بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له‌ هونه‌رى په‌یكه‌رسازى له‌ (زانكۆى تیسایدى) وڵاتى به‌ریتانیا وه‌رگرتووه‌.
ـ خوێندكارى قۆناغى دووى دكتۆرایه‌ له‌ (زانكۆى تیساید)ى به‌ریتانى 2018.
ـ له‌چه‌ندین پێشانگاى ناوه‌خۆیى و جیهانى به‌شداریكردووه‌.
ـ چه‌ندین خه‌ڵاتى جیهانى به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌ خه‌ڵاتى جیهانى له‌ پێشبڕكێى باشتریین نمایشكار (د. سێلما بارلۆ ـ Dr .Thelma Barlow)ى به‌ریتانى له‌ ساڵى 2011.
ـ ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌ و ده‌زگاى هونه‌رى له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى وڵات بووه‌، له‌وانه‌ ده‌سته‌ى دامه‌زراندنى په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى هه‌ولێر له‌ ساڵى 1992.
ـ له‌ ساڵى 2014 خاوه‌ن و دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گالێرى (سابات)ه‌ له‌ باكورى شارى (یۆڕك)ى وڵاتى به‌ریتانیا.
بایۆگرافیاى هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رساز (مه‌ریوان قاره‌مانى)
ـ له‌ دایكبووى ساڵى 1967ى شارى كه‌ركوكه‌.
ـ له‌ ساڵى 1998ه‌وه‌ نیشته‌جێى شارى تۆرینۆى ئیتالیایه‌.
ـ له‌ ساڵى 1993 بڕوانامه‌ى بكالۆریۆسى به‌ پله‌ى (نایاب) له‌ به‌شى په‌یكه‌رسازى زانكۆى به‌غدا وه‌رگرتووه‌.
ـ له‌ ساڵى 2003 كۆلێژى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى (ئه‌لبێرتینى) له‌ شارى تۆرینۆ ته‌واو كردووه‌، كه‌ به‌راورده‌ به‌ بڕوانامه‌ى (ماسته‌ر).
ـ له‌ ساڵى 1994 تا ساڵى 1997 مامۆستاى به‌شى په‌یكه‌رسازى بووه‌ له‌ په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌كانى هه‌ولێر.
ـ به‌شدارى چه‌ندین پێشانگاى كردووه‌ له‌ كوردستان و ئیتالیا.
ـ به‌شداربووه‌ له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قه‌ڵاى هه‌ولێر، كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى خانووه‌كه‌ى (ڕه‌شید ئاغا) له‌ قه‌ڵاى هه‌ولێر.
ـ ئێستاش خه‌ریكى خۆئاماده‌كردنه‌ بۆ پۆرترێتى چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى كوردى و بیانى، كه‌ هه‌ندێكیان به‌ مه‌به‌ستن.
بایۆگرافیاى هونه‌رمه‌ندى په‌یكه‌رساز (شوان كه‌مال)
ـ دبلۆم له‌ هونه‌رى په‌یكه‌رسازى.
ـ بكالۆریۆس له‌ هونه‌رى په‌یكه‌رسازى زانكۆى به‌غدا.
ـ كاركردن له‌سه‌ر به‌ردى مه‌ڕمه‌ڕ له‌ یۆنان له‌ ساڵى 1994.
ـ كاركردن له‌سه‌ر ته‌كنیكى گه‌وره‌كردنى په‌یكه‌ر له‌ شارى دۆسڵدرۆف له‌ ئه‌ڵمانیا.
ـ كاركردن له‌سه‌ر ته‌كنیكى قاڵبكردن له‌ لم و سلیكۆن له‌ ئه‌ڵمانیا.
ـ كاركردن له‌سه‌ر داڕشتنى په‌یكه‌ر له‌ میتاڵ له‌ ئه‌ڵمانیا.
ـ كاركردن له‌ كارگه‌ى په‌یكه‌رسازى به‌ میتاڵ له‌ ساڵى 1995 تا 2015 له‌ ئه‌ڵمانیا.
ـ كاركردن له‌ كارگه‌ى بڕۆنز له‌ شارى ماڵمۆ له‌ سوید له‌ ساڵى 2016 تا ئێستا.
ـ خاوه‌نى سێ پێشانگاى تایبه‌تى هونه‌رى په‌یكه‌رسازییه‌، به‌شدارى زیاتر له‌ په‌نجا پێشانگاى هاوبه‌ش كردووه‌ له‌ كوردستان و عێراق و ئه‌ڵمانیا و چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌ى جیهان

No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...