نان کار ئازادى, پەیکەرى کرێکار

نان کار ئازادى, پەیکەرى کرێکار بە نموونە 
بە باوەڕى من ئەمەى ئێستا دەگوزەرێت لە دانانى پەیکەر لە ناو شارەکانى ئەم هەرێمە پلانێکى تۆکمەى لە پشتەوەیە بەپلانى داڕێژراوە دەیانەوێت شارەکان ناشرین بکەن, بەرهەم هێنانى ئەم هەموو ناشرینیە ناکرێت لە نەزانینەوە بێ ناتوانم بڵێم ئەمە ئاستى ئەو کەسانەیە کە بڕیاردەدەن لە دروست کرنى پەیکەرەکان و دانانى لە شوێنى نەشیاو, لە دواى ڕاپەڕینەوە زۆربەى زۆرى بەڕێوەبەرەکانى ئەم دەزگایانە لە ئەوروپا بوون یان لە سەر بوچەى دەزگاکانتان سەدان گەشتیان کردووە بۆ دەرەوەى ولات بە دڵنیاییەوە بەڕێکەوت بێ یان بە ناڕێکە پەیکەرێکیان دیووە یان
لە پاڵ پەیکەرێدا وێنەیەکیان گرتوو.
بۆیە زۆر دڵنیام کە ئەمەى دەگوزەرێت پلانێکى لە پشتەوەیە گەر وانەبێ ئەى ئەو هەموو ڕاوێژکارى هونەرییە کاریان چیە لەو دەزگایانە, دووبارە بوونەوەى ئەم هەڵانە ماناى چى دەگەیەنێ بۆ ئەم دەزگا حکومییانە بەم شێوەیە هەڵسوکەت دەکەن لە گەڵ فەزاى شارەکاندا, ئەم خەم ساردیە لە کوێوەوە سەرى هەڵداوە. 
بەلام ئەوەى ئەم جارە زۆر سەرج ڕاکێشەرە پەیکەرى کرێکارە کەلە بەردەم چاڤى لاند لە سەر شەقامى شەست مەترى داتان ناوە, لە ماوەى یەک هەفتەدا ئەم پەیکەرەتان دانا و بڕیاریشتان دا ناوى بنێن ( باخچەى کرێکاران ) وەک ڕەمزى بۆ جینى کرێکار. 
ئەوەى جێى هەڵوێستەیە لەم بابەتەدا ئەو زەویەیە کە پەیکەرەکەى لەسەر دروست کراوە, موڵکى کۆمپانیاى چاڤى یە واتا ئەم موڵکە موڵکى گشتى نییە,بە بێ ئەوەى پرس بە کۆمپانیاى چاڤى بکەن بە کتابى فەرمى لە هەرسێ بەرێوەبەرایەتیەکەوە ڕەزامەندى خۆیان نوسیوە لەسەر دانانى ئەو پەیکەرە وە بە پارەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیرى هونەرى ئەم پەیکەریان دروست کردوە لە سەر موڵکێک کە خۆیان خاوەندارێتتیان نییە ,
وە لە دواى ئاگاردا کردنەوەى لایەنى پەیوەندى دار بە جێبەجێکردنى پەیکەرەکە کە ئەو زەویە زەوى گشتى نییە و موڵکى کۆمپانیاى چاڤى یە کارەکەیان ڕانەگرت و حسابیان بۆ کەس نەکرد, 
لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم دەزگایانە چۆن کار دەکەن وە لەسەر چ بنەمایەک کاردەکەن , گەر بەم شێوەیە بەردەوام ببن ئەوە دوورنییە شەوێک بنوین و بەیانى لە خەو هەڵسین پەیکەرێک لە باخچەى ماڵەکەماندا دانراب بە فەرمانى ئەم دەزگایانە.
دەبیت بپرسم؟؟ بۆ چى دەبێت ئەم پەیکەرە لێرەدابێت؟؟ زەڕوورەى دروست کردنى پەیکەرى کرێکار چیە؟؟ دەبێت گوزارشت لە چ کێشەیەکى کرێکاران بکات؟؟ ئایا کرێکار پێوستى بە پەیکەرە لە ئێستادا؟؟ ئەم پەیکەرە کێشەى کرێکاران چارەسەر دەکات؟؟ ئایا هونەر وە بە تایبەتى هونەرى پەیکەرسازى توانیوێتى ببێت بە ئامڕازێک بۆ دەرخستنى کێشەکانى ناو کۆمەڵگە؟؟ با سەرنج لە پەیکەرەکە بدەین و بزانین ئەم پەیکەرە چیمان نمایش دەکات, هەموومان وێنەى کرێکارى خۆمان لە بەر چاوە بە شەڕواڵێک و کراسێک و قایشێکى پان و جزمەیەکەوە یان بە جوتێک کالەى هەرزانەوە کار دەکات, لە بەر سەرما و گەرمادا, بەلام ئەوەى لێرەدا دەیبینرێت کرێکارێکى ئەوروپى لە کارگەیەکى مۆدێرن بە کڵاوێکى سەیفتى و بەدلەیەکى کارکردنى ئاخر مۆدێلەوەو بە ڕوویەکى خۆشەوە دەردەکەوێت و بە دەستێکى هێماى زانستى هەڵگرتووە و دەستەکەى ترى بە توندى نوقاندوێتى وەک هێما بۆ قوەت و هێز.
پەیکەرەکە ئەوەمان دەداتێ کە کرێکار لە ناو کۆمەڵگەى ئێمەدا چەند بەختەوەرە چەند سەیفتیە لە کاتى کارکردندا وە چەند ڕیلاکسە و هەموو مافێکى پارێزراوە, نموونەى پێشکەوتنى کۆمەڵگاکەمانە لە هەموو ڕوویەکەوە, ئێمە توانیومانە هەموو چینى جەوساوە لە جەوساندنەوە ڕزگار بکەین و نموونەى کرێکار مۆدێرى بەختەوەر دروست بکەین 
لێرەوە پێویست ناکات وەسفى حاڵ و گوزەرانى کرێکارانى ئەم هەرێمەتان بۆ بکەم کەلە چ حاڵێکدا کاردەکەن وە ساڵانە چەند کرێکار دەبێتە قوربانى لە بێ سەیفتى و سەلامەتى شوێنى کارەکانیان و چاوجنۆکى خاوەن کارەکان و نەبوونى بیمەى کۆمەلایەتى و بیمەى تەندروستى و بیمەى بێ کارى ئەمە واقعى کرێکارى ئێمەیە کە چەندین ساڵە پێوەى دەناڵێن, 
دووبارە پرسیار دەکەمەوە ئەم پەیکەرە چ کارى گەریەکى دەبێت بۆ چینى کرێکاران بێچگە لە پلانێکى داڕێژراو بۆ ناشرین کردنى شارەکان هیچى تر نابینم 
لەمەولا دروشمەکانیش لە ( نان , کار , ئازادى ) وە دەگۆرین بە ( نان , کار , پەیکەر ) زامۆئا داراغا 2019 
تێبینى :- بەرێوەبەرایەتى باخجەکان و سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى و ئەنجومەنى پارێزگارى سلێمانى و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی بوونەتە هۆى دروست بوونى ئەم پەیکەرە ( پەیکەرى کرێکار )




No comments:

Related Posts Plugin for WordPress, Blogger...