زڕه هونه‌رمه‌ند
ن: غۆڵامحسهین ساعدی
و: کاوه گوڵکار
زڕه هونه‌رمه‌ند یه‌کێ له‌و شته گرینگانه‌یه که ئهۆرۆکه وه‌کوو شێرپه‌نجه له هه‌ر بزاوێکی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ریدا ریشه‌ی داکووتاوه ، هونه‌ری درۆ و فه‌رهه‌نگی ده‌ستکرد و ساخته و درۆینه‌یه . هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌ران و خاوه‌نه‌کانی زیاد له ژماره‌ی ئه‌م چه‌شنه هونه‌رییه که له هه‌ر بوارێکی هونه‌ریدا به فێڵ و درۆ و کلکه سوتێ گه‌وره‌ترین مه‌به‌ست و ئاواتیان ئه‌مه‌یه که به ته‌پ و تۆزێک که ئه‌یکه‌ن هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه‌ی ئه‌م وڵاته له به‌ر چاو بزڕ ئه‌که‌ن ، ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت که ناوێک بۆ ئه‌م تاقمه بدۆزینه‌وه ئه‌وه پێموایه که ( شێوه په‌تا ) ناوی شێوه هونه‌رمه‌ند یان زڕه نووسه‌ر ، زڕه شاعیر و....
جوانترین ناو بێ ، چوونکا هه‌روا که شێوه په‌تا ، نیشانه‌کان و مه‌ترسیه‌کانی په‌تای پێوه‌یه ئه‌م تاقمه‌ش به‌و جۆره‌ن . هه‌ر چه‌ند ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که زڕه هونه‌رمه‌ند له به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌ر چه‌شنه هونه‌رێک بێ به‌رییه له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه‌دا پێوه‌ندیێکیان نییه ، به‌ڵام په‌تا و شێوهپهتا تا راده‌یه‌ک له یه‌ک ئه‌چن . یه‌کێ له هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵ دان و په‌ره سه‌ندنی ئه‌م په‌دیده ئهگهڕێتۆ بۆ باری کۆمه‌ڵایه‌تی ، هه‌ر وه‌ها که شوێنێکی پیس ئه‌توانێ ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه میکڕۆبێک ، کۆمه‌ڵگای نه‌خۆش هه‌ل و مه‌رجێکی وا ئه‌ڕه‌خسێنێ که ئه‌م تاقمه زاوزێ بکه‌ن و وه‌کوو وه‌با له‌هه‌موو شوێنێک بڵاو ببێته‌وه ، به تێپه‌ڕ بوونی زه‌مان هه‌موو لقه‌کانی هونه‌ری گرتووته‌وه و رێی نه‌داوه چروکی تازه و ساخ سه‌ر هه‌ڵ بدا و بپشکوێ .
زڕه هونه‌رمه‌ند ده‌عبایه‌کی بێ فه‌رهه‌نگه که به‌رگی فه‌رهه‌نگ له به‌ر ئه‌کات . یه‌ک دوو زمانی رۆژئاوایی فێر ئه‌بێ و ناوی هێندێ له قوتابخانه‌کانی رۆژئاوایی که هیچ فڕێکیان به ئێمه‌وه نییه فێر ئه‌بێ و له هه‌ر سات و کاتێکا و له هه‌ر هه‌ل و مه‌رجێکدا که بێته پێش به شێوه‌یه‌کی سه‌یر وشه‌گه‌لی قه‌ڵه‌می ریز ئه‌کا و به هه‌ڵڕشتنی دێڕی سه‌یرتر فیز فرۆشی ئه‌کا و به کاوێژ کردنی ناوی چه‌ند کۆلکه هونه‌رمه‌ند و زڕه نووسه‌ری نهناسروای رۆژئاوایی خۆ ڕا ئه‌دا و به شانازییه‌وه باسی ئه‌وه ئه‌کا که چه‌ن ساڵێ له دهرۆهی وڵات ژیاوه و به فیزێکه‌وه و به چاوی سووک له‌و خه‌ڵکه ئه‌ڕوانن که ته‌نیا گۆناحیان ئه‌وه‌یه که ده‌رفه‌تیان نه‌بووه وه‌کوو ئه‌وان سه‌رێکی ئه‌و وڵاته بده‌ن . زڕه هونه‌رمه‌ند فه‌رهه‌نگ و که‌لتووری نه‌ته‌وایه‌تی خۆی ناناسێ و ریشه‌ی له ده‌رۆی وڵاته‌که‌یدایه . میراتی هونه‌ری سه‌دان ساڵه‌ی باو باپیرانی خۆی خۆش ناوێ . به‌ڵام هێندێ جار بۆ خۆ نواندن و فه‌زڵ فرۆشی بۆ به‌شداری کردن له میهره‌جانه‌کاندا ناخونێکی له ئوستووره ملییه‌کان و ده‌قه هونه‌رییه‌کان ئه‌دا و لای خۆی پی وایه کاره‌که‌ی ئه‌وه‌نده جوانه که خه‌ڵک سه‌ریان سووڕ ئه‌مێنێ به‌ڵام له ئاکامدا ئه‌وه‌نده ناشیانه کاره‌که به‌ڕێوه ئه‌به‌ن که خۆیان ئه‌که‌ن به په‌نی خه‌ڵک . زڕه هونه‌رمه‌نده‌کان هه‌ر چه‌ن پشت له فه‌رهه‌نگی گه‌له‌که‌یان ئه‌که‌ن به‌ڵام هێندێ جاریش ئاوڕێکی خێرا و رێبوارنه له گۆرانی و حیکایه‌ت و بیر و باوه‌ڕی خه‌ڵک ئه‌ده‌ن و له به‌ر ئه‌وه‌ی جار جار که‌ڵکی بۆیان هه‌یه به‌م جۆره فه‌رهه‌نگی گه‌ل له به‌ر ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕی رێی کراوه بۆ کاره‌که‌یان ، ئه‌بێته هۆی رازاندنه‌وه‌ی کاره‌که‌یان. له لای زڕه هونه‌رمه‌ند ناوه‌ڕۆک و سوژه شتێکی بێ بایه‌خن له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م تاقمه قسه‌یێکیان بۆ وتن نییه به هه‌ڵیت و پڵیت بۆشاییه‌کانیان پڕ ئه‌که‌نه‌وه و له ئاکامدا روو ئه‌که‌نه فۆرمالیزم و له‌م بواره‌شدا به‌وه‌ی ئه‌که‌ن که پڕژاندنی ره‌نگه‌کان به سه‌ر بومی نه‌قاشیدا و یان کێشانی چه‌ند وێنه‌یه‌کی رووت و قووت و یان له بواری نووسیندا به نووسینی چه‌ن قسه‌ی پڕوپوچ و وڕینه کردن پێیان وایه که له لووتکه‌دان . هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه له هیچ ، شتێکی به نرخ ئه‌خولقێنێ به‌ڵام زڕه هونه‌رمه‌ند هه‌موو شتێ له ناو ئه‌با ، و به‌م له ناو بردنه و فه‌وتانه ته‌نیا کاره‌کانی خۆی ناگرێته‌وه و به‌ڵکوو زڕه هونه‌رمه‌ند به کرده‌وه و به قسه ،
هێندێ جار زه‌حمه‌تی هونه‌رمه‌ندانی راسته‌قینه‌ش پێشێل ده‌کات و به‌م جۆره رق و تووره‌یی خۆی به‌رانبه‌ر به هونه‌ری راسته‌قینه ده‌رئه‌بڕێ . کووتمان ئه‌م تاقمه ناوه‌ڕۆکیان به‌لاوه گرینگ نییه ، مه‌به‌ستمان له ناوه‌رۆک ئه‌و شتانه‌ن که پێوه‌ندیان به هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤ و خه‌ڵک و نیشتمانه‌وه هه‌یه . زڕه هونه‌رمه‌ند چوون خاوه‌نی خاک و نیشتمان نییه هیچ بڕوایه‌کی به خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتی گه‌له‌که‌ی نییه به ناچار جیهان وه‌ته‌نی بیر ئه‌کاته‌وه و بێ خه‌به‌ر له‌وه‌ی که هونه‌رمه‌ند هه‌تا خه‌ڵک و خاکه‌که‌ی خۆی نه‌ناسێ ده‌رد و ئازاره‌کانی گه‌له‌که‌ی نه‌نووسێته‌وه و عیشقی ئه‌وان نه‌بێته هه‌وێنی کاره‌کانی ناتوانێ جیهانی بیر بکاته‌وه و ببێته سیمایه‌کی جیهانی . زڕه هونه‌رمه‌ند ئاواتی ئه‌ویه که کاره‌کانی له پیشانگایه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی وڵات پیشان بدرێ هه‌رچه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره‌ش بکرێ و به سووکایه‌تیه‌وه به‌ڕێی بکه‌ن و به سه‌ر شۆڕییه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆی گرینگ نییه ، گرینگ ئه‌وه‌یه که چۆن که‌سێکی رۆژئاوایی و ئه‌مریکایی کاره‌کانی ئه‌و ببینن و به لای ئه‌وه‌وه ، ئه‌مه یانی جیهانی بوون . ئیتر نازانێ هونه‌رێ که له زێد و نیشتمانه‌که‌ی خۆیدا که‌س تینه‌گات و نامۆیه و هونه‌رمه‌ندێ که هاو نیشتمانه‌کانی خۆی ئامێزی بۆ نه‌گرنه‌وه چۆن له هه‌نده‌ران به پیریه‌وه ئه‌چن . زڕه هونه‌رمه‌ند سه‌نگی مه‌حه‌کی به‌لاوه بێ نرخه نه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵداری بێ غه‌ل و غه‌شه به‌ڵکوو له به‌ر ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕی به میلله‌ته‌کی خۆی نییه . ئه‌گه‌ر کتێبه‌که‌ی نه‌فرۆشرا له نهفهمای خه‌ڵکه و ئه‌گه‌ر پیشانگای تابلۆکانی پێشوازی لێ نه‌کرا ئه‌وه هۆی ئه‌م کارانه نه‌فامی و تێنه‌گه‌یشتووی خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی . ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ئاوڕێکیان له شانۆنامه و فیلمه‌که‌ی نه‌دایه‌وه به توڕیه‌وه به‌ره‌نگاری بوونه‌وه هه‌میسان تاوانباری ئه‌وه خه‌ڵکن که وردکاری و ناسک کاریه‌کان و جوانکاریه‌کانی رۆحی هونه‌رمه‌ند به به‌رهه‌مه‌که‌ی نایبین . به‌م جۆره چه‌کی نه‌فامی خه‌ڵک هه‌میشه به شانی هونهرمهندهوهیه به مه‌به‌ستی پاراستنی خۆ له هێرشی ره‌خنه و ره‌خنه‌گران . زڕه هونه‌رمه‌ند به بێ ئه‌وه‌ی زه‌وقی خه‌ڵکه‌که‌ی به تاک و ته‌را و به گشتی هه‌ڵ سه‌نگێنێ و به‌راوردی بکا رێگه به خۆی ئه‌دا ئه‌م سووکایه‌تیه به خه‌ڵک بکا ، له کاتێکا هه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه به ناو نه‌فامن که به‌و زه‌وقه کوێرهوهبووی خۆیان پاشه‌کشه به‌وان ئه‌که‌ن و به مشتی خۆیان سه‌ر و گوێلاکی ئه‌م شێره به‌فرینانه ئه‌هێننه خواره‌وه . زڕه هونه‌رمه‌ند له باری زه‌ینی و فیکرییه‌وه رۆحی قورس و بێ جووڵیه و له ئاکامیشدا وه‌کوو « ئۆبلۆمۆفی » قاره‌مانی رۆمانه‌که‌ی « گهنجارۆف » به‌م نه‌خۆشیه‌وه ئه‌مرێ . زڕه هونه‌رمه‌ند نه‌خۆشی و رووداوه‌کانی کۆمه‌ڵگای به‌لاوه گرینگ نییه . هیچ رووداوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نایورووژێنێ وه‌کوو تانجی راوه‌ستانی بۆ نییه و له‌م په‌ڕی دنیا بۆ ئه‌و په‌ڕی دنیا ، له‌م شار‌و بۆ ئه‌و شاره ، له‌م میهرهجانهو بۆ ئه‌و میهره‌جان ، له‌م کۆبوونه‌وه بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه دایم وه‌کوو مه‌کۆی جۆڵا له گه‌ڕدایه ، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ببینن و له به‌ر ئه‌وه‌ی بزانێ با له کو ێوهوه دێ . له قنگهلاشکیان پرسی بۆ کوێوه ئه‌چی ؟
زڕه هونه‌رمه‌ند هه‌ل په‌رسته و بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌له‌کان بۆ قازانجی خۆی بێ شه‌رمانه هه‌وڵ ئه‌دا و خه‌ڵات وه‌رئه‌گرێ و پاره‌ی پێ ئه‌ده‌ن وه‌کوو تووتکه سه‌گ نه‌وازشی ئه‌که‌ن زڕه هونه‌رمه‌ند ده‌ڵال و جامبازه و قازانجی خۆی له به‌ر چاوه . له به‌رانبه‌ر زۆرداراندا قوڕ به‌سه‌ر و زه‌لیله و کلکه سووتێیان بۆ ئه‌کا و له به‌رانبه‌ر خه‌ڵک زۆر وێژو و له خۆڕازی و خۆ به‌زان و له خۆ بایی و تهوزهله . هه‌ر رۆژێ به ده جۆر ره‌نگ ئه‌گۆڕێ ، هه‌میشه به رێی جه‌ژن و فستیوالهوهیه . له راستیشدا میهره‌جان رێ خستن کاری ئه‌م زڕه هونه‌رمه‌ندانه‌یه و به‌م جۆره سامان و ماڵی نیشتمانه‌که‌یان به فیڕۆ ئه‌ده‌ن له هه‌ر کوێ ئاشه ، زڕه هونه‌رمه‌ند فه‌ڕاشه . زڕه هونه‌رمه‌نده‌کان له هه‌موو کۆبوونه‌وه و دانیشتنێکدا هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کارێ بکه‌ن ده‌س ئه‌ده‌نه هه‌زار فێڵ و ته‌ڵه‌که . پیاوی یه‌که‌می خه‌ڵات وه‌رگرتنن . ئه‌وه نیشان و شانازی و گه‌وره‌ی یانه که پێیان دراوه ، له گه‌ڵ خۆیان بۆ هه‌موو شوێنێکی ئه‌به‌ن و ماڵ و دوکانه‌کانیان به‌و وێنانه ئه‌ڕازێنه‌وه که له کات و ساتی تایبه‌تدا گرتوویانه . نێوانیان له گه‌ڵ رۆژنامه‌کان و رادوێ و تهلهویزوێندا هه‌تا بڵێی خۆشه ، وێنه‌که‌یان رازێنهوهرهی لاپه‌ڕه‌ی گۆڤاره‌کان و شاشه‌ی تهلهویزوێنه . هه‌تا بڵێی له کاری وت و وێژدا گورج و چالاکن . چ ئه‌رکێ به‌ڕێوه ببه‌ن یان نه‌یبه‌ن و چ به‌رهه‌مێ بخولقێنن یان نهیخولقێنن ، گرینگ نییه ، گرینگ ئه‌وه‌یه سه‌ریان بچێ و نوێژیان بچێ به‌ڵام وت و وێژهکانیان نه‌فه‌وتێ . له وت و وێژهکانیشیاندا ئه‌رکی سه‌رشانیان وڕینه کردن به خه‌ڵک و داشۆردنی حه‌ریف و ژێر پێ نانی ماف و ناوی هونه‌رمه‌ندانی راسته‌قینه‌یه و سه‌ر و بنی باسه‌که‌یان ئه‌وه‌یه که له داهاتوودا ئه‌یانه‌وێ هێلکه‌ی دوو زه‌ردێنه بۆ خه‌ڵک بکه‌ن و شتێ له‌م بابه‌تانه . زڕه هونه‌رمه‌ند راوچی کۆنه‌کاره و بۆ مانه‌وه و هه‌ڵکێشانی خۆی ئه‌بێ چه‌ن که‌سێ له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه و بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه ئه‌که‌وێته راو کردن و دا‌و خستنی ئه‌و لاوه گه‌نجانه‌ی که توانای کاریان هه‌یه و ئاشقی هونه‌ر و بیر و باوه‌ڕن . ئه‌و لاوانه‌ی که خونچه‌ی هونه‌ریان خه‌ریکه ئه‌پشکوێ و ئه‌بێته گوڵ . زڕه هونه‌رمه‌ند به سێحر و ئه‌فسوون و بیانۆی رێنوێنی ( راو ) تهماڵێکی مه‌عسووم هه‌ڵئه‌بژێرێ و چاو و دڵی ئهبسێت و بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماڵ که هه‌ست به ئێش و ژانێ بکات سه‌ری ئه‌کا و پاشان ژاری ده‌رخوارد ئه‌دا و نه‌خۆشی ئه‌خا و به‌ره‌و هونه‌ری موتڵه‌ق و شێعر و نه‌قاشی موتڵه‌ق کهمند کێشی ئه‌کا و ئه‌بێته رێ پیشانده‌ری ، جا ئه‌گه‌ر ئه‌م تهماڵه که وریا نه‌بێ و له‌م داوه خۆی ده‌رباز نه‌کا و یا توانای ده‌رباز بوونی نه‌بێ ئه‌وه بۆ ئه‌به‌د زڕه هونه‌رمه‌ند مرداری ئه‌کاته‌وه . ئه‌ڵێن چۆن به‌م جۆره میداڵیای گه‌وره‌یی و نبووغ له به‌رۆکی ئه‌ده‌ن و له بیر و باوه‌ڕی ئینسانی و نیشتمانی دووری ئه‌خه‌نه‌وه و ئه‌یکه‌ن به ترووبچهیهکی به رواڵه‌ت گه‌ش و سوور و له ده‌روونه‌وه پفڵ و ئه‌یخه‌نه گیانی خه‌ڵک بۆیه ئه‌توانین بڵێین فێڵاوی و درۆ و ساخته وه‌کوو نه‌خۆشی مووسری وایه . په‌تا ، شێوه په‌تای به‌شوێندا دێ و زڕه هونه‌رمه‌ند ، زڕه هونه‌رمه‌ندی لێ ئه‌بێته‌وه . زڕه هونه‌رمه‌ند دژی سانسۆڕ نییه و هه‌ستی پێ ناکا ، نه له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌م دوانه فڕیان به یه‌که‌وه نییه . به‌ڵکوو به پێچه‌وانه سانسۆڕ و زڕه هونه‌رمه‌ند دوانه‌ی له‌یه‌ک چوونن . له راستیشدا زڕه هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌می زاوزێ سانسۆڕه . سانسۆڕ هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه سه‌رکووت ئه‌کا و تووی زڕه هونه‌رمه‌ند بڵاو ئه‌کات و ئهیچێنێ .... . هه‌رچه‌ن که پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ترسیان بڕه‌وێته‌وه ، و ئه‌رخایه‌ن بن ئه‌بێ بڵێم به هه‌موو تێگه‌یشتووی خه‌ڵک و روونبوونهوهیان به وردبینی هاونیشتمانانه‌وه ، زڕه هونه‌رمه‌ند ناتوانێ وه‌کوو نه‌خۆشین ته‌شه‌نه بکات و ئه‌م باسه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه که ناسینی هه‌ر شتێ رێگه خۆش که‌ره بۆ له ناو چوونی سانسۆڕ . ئه‌م غووله بێ جووڵه‌یه ، هه‌ناسه‌ی سوار ئه‌بێ و له لایه‌کی تریشه‌وه کاری به‌رده‌وام و شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ی هونه‌رمه‌ندانی راسته‌قینه ته‌نگ به‌م غووله هه‌ڵئه‌چنێ . وره‌ی خۆپیشاندانی لێ ئه‌گرێ . هه‌رچه‌ن له رواڵه‌تدا به ژماره زڕه هونه‌رمه‌ند زۆرترن به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه له ده‌ست هونه‌ری ئه‌مرۆ و هونه‌رمه‌ندانی راسته‌قینه‌دایه . بۆیه ده‌ڵێن :
نه زڕه‌ی زنجیر ، نه کۆت و پێوه‌ند دوورمان ناخاته‌وه له عیشق و گوهند .
Source:Site Kurdistan ART
No comments:
Post a Comment
kurdistan art