دەیان پرسیاری بێ وڵام لە مێشکمدا دروست بوو

چەند ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار ئەو تابلۆیەم، لە فەیسبوکدا بینی، سەرسامی بووم و دەیان پرسیاری بێ وڵام لە مێشکمدا دروست بوو. دوواتر زانیم تابلۆکە بەرهەمی هونەرمەند " ئاکۆ کەمال"-ە. (کۆمێنتی یەکەم ) .
بۆ کەسێک کە دەرسی هونەری خوێندبێت یان خوێنەری بواری مێژووی هونەر بێت هەر لە یەکەم نیگاوە، کاریگەری تابلۆیەکی "ئیلیا رێپین " (کۆمێنتی دووهەم) بەسەر ئەو تابلۆیەدا دیارە . ناوی تابلۆکە " گەڕانەوەی چاوەرووان نەکراو" ە (کۆمێنتی سێهەم ) کە ئیلیا رێپین لە نێوان ساڵانی ١٨٨٤ تا ١٨٨٨ کێشاویەتی و چيرۆکی هاتنەوەی چاوەروواننەکراوی شۆرشگێرێکی رووسییە کە لە سیبێریاوە گەڕاوەتەوە مالێ. خزمەتکاری ماڵەکە دەرگاکەی کردۆتەوە و بە نیگەرانی دەرووانێتە ژوورێ؛ پیاوەکە کە ئەکتێری سەرەکییە بە جلێکی کۆن و سەر و سیمایەکی تێکشکاو و بە دوردونگی هەنگاو دەنێتە ژوورەکە و چاوەرووانە بزانێت


 چۆنی پێشوازی لێدەکرێت. ژنێکی بە تەمەنی رەشپۆش لەسەر کورسییە راچەنیوە و بە پەشۆکاوی سەیری سیمای کورەکەی دەکات، لەسەر مێزەکە مناڵەکانی ئەبینین کە بە شادی و دڵخۆشی دەروواننە باوکیان و لە دوورتر لای پیانۆکە هاوسەرەکەی دەبینین کە هێشتا باوەری نەکردووە خۆشەویستەکەی لە تاراوگە گەڕاوەتەوە......
لە یەکەم هەڵسەنگاندندا، وا پێدەچێت "ئاکۆ کەمال" لە بەرهەمەکەی خۆیدا جیا لەوەی تێمی سیاسی و شۆرشگێرانەی تابلۆکەی "رێپین"-ی وەرگرتبێت، لە بوواری کۆمپۆزێشن یان داڕێشتن-یش دا کەڵکی لێوەرگرتووە؛ هەرچەند "ئاکۆ کەمال" لە بەرهەمەکەی دا بە پێچەوانەی رێپین، زیاتر رەنگی گەرمی بەکار هێناوە (دەکرێ ئاماژەیەک بێت بە شۆڕش و شەهادەت) و هەروەها کارێکتێرەکان ژمارەیان زیاترە، بەڵام رووناکی ژوورەکان کە لە لای چەپەوە دێت ، دەرگا کراوەکە و شوێنی کاراکتێری سەرەکی تابلۆکە زۆر لێک دەچن، تەنانەت جلوبەرگی کاراکتێرەکە ، بەڵام لە جیاتی ئەوەی کڵاوەکەی بەدەستەوە بێت، کاغەزێک ، نامەیەک ، نووسراوێکی پێیە....
سەرەڕای رەخنەگەلێک کە لە "دروستکردنی کاراکتێر" و هەروەها نەناسراوبوونی کاراکتێرەکان ( لە رووانگەی کات و شوێنەوە ) و جێ نەکەوتنی فۆرم و فیگورەکان لە هەندێک جێدا دەکرێت لە کاری "ئاکۆ کەمال"ی بگرین، (هەرچەند هونەرمەند لە تەمەنێکی کەم دا کێشاویەتەوە)، بەڵام بە گشتی بۆ ئێمەی بینەری کورد ؛ نەخشاندنی گرتەیەک لە مێژوو، گرتەیەکی هەستیار لە مێژوومان ، سەرنج راکێش و شیرینە. ئاڵای کۆمار بە دیوارەوە، تفەنگێک کە سەردەمانێک بە شانی خەباتکارێکەوە بووە و خەمی قووڵی کیژی ناودەرگاکە، گشتیان بۆمان ئاشنان . گشت نیگاکان و جوولەکان و هێماکان ، نیگای بینەر دەباتەوە سەر خاڵی سەرەکی تابلۆکە ، چاوەکانی پێشەوا کە بە پێچەوانەی شۆرشگێرەکەی رێپین (کە سەیری دایکی دەکرد) ، روویان لە ئێمەیە و رێک ئێمە دەدوێنن کە خۆی خاڵی هەرە بە هێزی بەرهەمەکەیە، نیگای پێشەوا زەمان دەبڕێت و وەک چاورەووانییەکی هەمیشەیی ، ناچارت دەکات وەدەنگ بێیت و بڵێی:
گەورەم ، نووسراوەکەی دەستت بدە دەستمان و بێخەم بە ، نەوە لە دووای نەوەمان رێبازت بەرنادەن تا ئەو رۆژەی خۆری سەربەستی هەڵدێت، تا ئەو رۆژەی ئامانجت دێنینە دی و کاری ناتەوات تەواو دەکەین .
(نوسینی:حه ميده يوسفى ( په پوله 


No comments:

Post a Comment

kurdistan art