ژنە چاو سەوزەکە

ژنە چاو سەوزەکە
ئامادەکردنى/ سمکۆ عەبدولکەریم
ساڵى 1984 (ستیف ماکورى) وێنەگرى ئەمریکى لە گۆڤارى ناشیونال جوگرافیک بە خۆى و کامیراکەى کە لە جۆرى (نیکون) بوو، چووە پاکستان بۆ ئەوەى لە رێگەى وێنەوە ئەو ملمڵانێ و شەڕەى کە ئەو دەم لە نێوان شۆرشگێرانی ئەفغانی و یەکێتى سۆڤیەتى-دا لە ئارادا بوو بگوازێتەوە، لە کاتى سەردانى کردنى بۆ یەکێ لە چادرگەکانى پەنابەرانى ئەفغانى لە باکورى پاکستان، کچێکى بچکۆلانە سەرنجى رادەکێشێت، کە تەمەنى نزیکەى 14 ساڵێک دەبوو، باوکى بە هۆى بۆردومانێکى شەوانەى فرۆکەکانى سۆڤیەت بۆ سەر گوندە بچووکەکەیان کوژرا بوو، بە شێوەیەکى هاکەزایى کچە بچکۆلانەکە پێدەڵێ: وێنەیەکم دەگریت؟ ستیف بە خەیالیدا نەهاتووە وێنەى ئەم کچە جیاواز دەبێت لە هەموو ئەو شتانەى کە وێنەى گرتوون، ناوبانگێکى زۆر پەیدا دەکات دواى بڵاوکردنەوەى لە بەرگى گۆڤارەکەى ناشیونال جوگرافیک لە ساڵى 1985 بە شێوەیەک لە ناوەندەکانى راگەیاندن بە کچە ئەفغانییەکە ناسرا.
بە درێژایى 17 ساڵ، ناوى ئەم کچە بە نەناسراوى مایەوە، تا ئەو رۆژەى تەلەفزیونى ناشیونال جیوگرافیک لە مانگى (ینایر)ى ساڵى 2002 بڕیاریدا جارێکى دیکە ستیف بنێرێتەوە ئەوێ، بۆ بە دواداگەڕانى ئەو کچە چاو سەوزە بە مەبەستى زانین و ئاگاداربوون لەوەى رووداوەکانى ئەفغانستان چیان بەسەر ئەو کچە هێناوە، ئەو تیمەى بۆ دۆزینەوەى ئەم کچە چووبوونە ئەوێ، بێهیوا بوون کاتێک زانیان چاردرگەکە نەماوەو داخراوە، دەستیان بە گەڕان کرد بە نێو دانیشتواندا بۆ ناسینەوەى خاوەنى ئەم وێنەیە، بەڵام هاوڵاتییەک پێیان رادەگەێنێ ئەوە (شربات گۆلا) یە لە ساڵى 1992-وە گەڕاوەتەوە گوندەکەى خۆى، چوونە گوندە بچووکەکەى، گەیشتنە ئەو ژنە، کە مێردى کردوەو خاوەنى سێ کچە، روخسارى بە هەمان کچە بچووکەکە دەچێت، ستیف ماکورى دەڵێ: کە بینیم بە روونى دیار بوو هەمان کچ بوو، هیچ گومانێکى لا دروست نەکردم، چاوەکان هەمان چاو بوون، لە گەڵ نیشانە دیارەکەى سەر کەپووى، هەموو روخسارەکانى ئاماژە بوون بۆ ئەوەى کە هەمان کەسە، دواى وێنەگرتنى دووەم جار، گۆڤارەکە بەراوردێکى تەکنەلۆجى و ئەلکترۆنى بۆ هەردوو چاوى کچەکە کرد لە نێوان وێنە کۆنەکەو وێنە تازەکەدا بۆ دڵنیابوون لەوەى کەسەکە خۆیەتى، دواى ئەوەى ئەم ژنە وێنەکەى خۆى دەبینێ وتى: پێشتر
ئەم وێنەیەم نەبینیوە، بەڵام بە دڵنیایەوە ئەمە وێنەى منە.
دەربڕینەکان زۆر دیاریکراو بوون، تا کۆتایى چاوپێکەوتنەکەش پێنەکەنى، بە درێژایى ئەوەندە ساڵە جگە لە ئازارو مەینەتى و دوو چاوە کەسکەکانى هیچى ترى وێنەمابوو، کاتێک پرسیارى ئەوەم لێکرد چۆن توانیوتە وێڕاى ئەو ماندووبون و سەختییەى کە هاتۆتە رێت درێژە بە ژیانت بدەى، بە ئیرادەى خوا، ئەمە وەڵامەکەى بوو.
ماکورى دەڵێ: بە هۆى پەروەردەى ئاینییانەوە ئەفغانەکان رێگە نادەن ژنەکانیان تەماشا بکەن، یان بەدەم پیاوى غەریبەوە پێبکەنن، تەنیا لە گەڵ میردەکانیان نەبێت، بۆیە بەم هۆیەوە ئەو شەربات گۆلاى بە دەم پێکەنینەوە نەبینى، بەردەوامیش چاوى لە زەوییەکە بوو، و هەستى بە هێزى چاوەکانى نەکردوە.
لە کۆتایدا سەرکەوتوو بوو لەو کارەى و ناوى خاوەن وێنەکەى زانى، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەوەى رازى بکات لە گەلێدا سەفەر بکات بۆ ئەمریکا، بە مەبەستى کارکردنى لە بوارى ریکلام و ئاگاداریدا، دواى ئەوەى خاوەن وێنەکە ناوبانگێگى زۆرو فراوانى بە دەست هێنا بوو، بەڵام ئەوەى بینى ئەو ژنێکى باوەڕدارە بە بیروباوەڕو خۆڕەوشتى ئاینى ئیسلامى، کە ئەمەى حەرام کردوە.
تێبینى/بۆ یەکەم جار یەکەم ژمارەى ناشیونال جوگرافیک وەک گۆڤارێکى رەسمى کۆمەلەى جوگرافى نیشتیمانى سەر بە کۆمپانیاى ئەمریکى لە (تشرینى یەکەم-ى ساڵى 1888 )دواى شەش مانگ لە دامەزرانى ئەم کۆمەلەیە دەرچووە.


No comments:

Post a Comment

kurdistan art