بۆئەوەى دەسەلات لێم ڕازیبێت پێویست دەکات لەسەر شەقامبم
بۆئەوەى دەسەلات لێم ڕازیبێت پێویست دەکات لە ماڵەوە بمێنمەوە دەنگم نەیەت...
ئەمە سیاسەتى کولتورى ناوندە هونەرییەکانى ئەم هەرێمەیە بە حکومى و ناحکومیەوە, ئەم سیاسەتە کولتوریە لە ستالین و مۆسۆلین و هێتلەر و صدام حسین و دیکتاتۆرەکانى ترەوە بۆمان ماوەتەوە وە تائێستا پەرەى پێدەدرێت و کارى پێدەکرێت, ئەم سیاسەتە کولتوریەى کە لەم هەرێمە پەیڕەودەکرێت هونەر و هونەرمەندانى لە بکەرى ( فاعل ) خستووە هەمویانى کردوەبە کارلێکراو, واتا کەسى سەربەخۆ مەبەستم لە هونەرمەندى سەربەخۆیە لەگەڵ ڕۆشنبیرى سەربەخۆ لەم دام و دەزگایانەدا نەماوە یان جێگەیان نابێتەوە و ناگونجێت لەگەڵئەم سیاسەتە کولتوریەى کە تەسلیمى دەسەلات بووە بە فەرمانى ئەو نەبێت ناتوانی
هیچ شتێک بکات و هیچ هەڵوێستێکى هەبێ.
دەبێت لە خۆمان بپرسین بۆ ئەم جارە سەندیکاى هونەرمەندان لقى سلێمانى بە هەمەئاهەنگى لەگەڵ بەرێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى هاتە سەر شەقام... بەرزکردنەوەى دروشمى بریقەدار وەک پارێزەرێک لە (هونەر و هونەرمەندان ) خۆیان نمایش کرد لە سەر کەیسى هونەرمند ( ماریا هەورامى ) چى بوو؟؟
ئەى ئەم 28 ساڵەى پێشوو لە کوێ بوون لە پرسە گرنگەکانى هونەر و ڕۆشنبیریدا؟؟ بۆ تەنها لە سلێمانى هاتنە سەر شەقام؟؟ ئەى لە هەولێر و دهۆک سەندیکاى هونەرمەندان بۆ نەهاتنە سەر شەقام؟؟ کێشەکە کێشەیەکى گشتى نییە هەموو هەرێم ناگرێتەوە یان تەنها پەیوەندى بە شارى سلێمانیەوە هەییە؟؟
ئەو هەموو قەیران و مەینەتیە بەسەر هونەر و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانادا هات کەسێک نەهاتە سەر شەقام و پارێزگارى لێ بکات؟؟ لە ناوەڕاستى نەوەتەکاندا زۆربەى زۆرى هونەرمەندەکانى ئەم هەرێمە وڵاتیان بە جێهێشت کەس نەهاتە سەر شەقام نەى ووت ( بۆ) ؟؟ ئەو هوموو گەندەڵی و بازرگانى کردن و دەڵاڵى بە هونەر و هونەرمەندانەوە کەستان دیار نەبوون و هەڵوێستێکتان نەبوو وە نەهاتە سەر شەقام لایەنى کەم داواى شەفافیەت بکەن؟؟ ئیتر ئەم نمایشە بۆچى؟؟
سەرنج لە بەیان نامەکەى سەندیکاى هونرمەندان بدەن کۆمەڵێ وشەى ڕیزکرا و هیچى تر!! بەیان نامەکە تەنها قسەیە کردارى تێدا نییە, سیاسەتى ( نە شیش بسوتێ و نەکەباب )...
بۆ نموونە باسى ( مەترسیەکان ) دەکات, بۆمان ڕوونکەرەوە چ مەترسیەک؟؟
( کراونەتە نامانج ) چى کراوەتە ئامانج؟؟ بۆچى هونەر و هونەرمەندان کراوەتە ئامانج؟؟ لەبەر چى کراوەتە ئامانج؟؟
( هەندێ کەس ) کێن ئەو کەسانە کە هێرش دەکەن سەر هونەر و هونەرمەندان؟؟ ئایە ئەم کەسانە ناویان نییە ؟؟ سەربە لایەنێک نین؟؟ ئەى ئەو لایەنە کێیە؟؟
بۆ هانا دەبەیت بۆ هەر سێ سەرۆکایەتەکەى هەرێم و داواکارى گشتى؟؟ بۆ خۆت وەک سەندیکاى هونەرمەندان دەسەڵاتت نییە؟؟ ناتوانى خۆت سکاڵا لەسەر ئەم کەسانە بگریت و بیاندەیتە دادگا و لە رێگەى یاساوە ڕیگە لەم کارە قێزەونانە بگریت و نەهێڵى هیچ کەسێک و لایەنێک سوکایەتى بە هونەرمەند و هونەر بکات و شکۆ بۆ خۆتان و هونەر و هونەرمەندان بگەڕێنەوە؟؟ تاکەى دەپارێنەوە لە حکومەت پارێزگاریتا لێ بکات و خۆتان بەکەم بزانن نمایشى بێ دەسەلاتى خۆتان لە سەر شەقامەکان بگێرن و کۆبونەوە لە پیناوى کۆبونەوەدا و هیچى تر؟؟
ئەم سیاسەتە کولتوریەى کە ئێوە پەیڕەوى دەکە دەبێت دائیم پاشکۆبیت و خاوەنى خۆتان نەبن, تا لەسەروو خۆتەوە فەرمانت پێ نەکەن ناتوانى بێیتە سەر شەقام و هەڵوێستى خۆت دەڕببڕیت, کۆبونەوەکانتان بێ ئامانجە تەنها قەڕەباڵخى و ژاوەژاو دروست کردنە و هیچى تر.
زامۆئا داراغا 2019
No comments:
Post a Comment
kurdistan art